بەپەلە

دین، راگەیاندن و هونەر.. هۆکارێک بۆ "جوانکردنی" وێنەی محەمەد بن سەلمان

- 11/21/2019 4:20:00 PM 5425 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بە درێژایی چەند ساڵی رابردو فێستیڤاڵەکانی گۆرانی و میوزیک بونەتە جێگەی مشتومڕی کۆمەڵایەتی ئاینی لە سعودیە، بەڵام لە دو ساڵی رابردودا دەسەڵاتی ئەو وڵاتە وەکو هۆکارێک بۆ "جوانکردنی وێنەی خۆی و پەردەپۆشکردنی پێشێلکارییە مرۆییەکانی بەرامبەر جیهان بەرکاریهێناوە".

بە گوێرەی ماڵپەڕی خلیج ئۆنلاین، لەو ماوەیەدا دەسەڵاتی سعودیە تەنها بە هێنانی گۆرانی بێژ و گروپی هونەری لە دەرەوە وڵات نەوەستاوە، بەڵکو هەوڵی داوە لە رێگەی زانایانی ئاینییەوە بەرگێکی ئاینیش بە بەر ئەو هەوڵاندا بکات و وێنەی جێنشینی ئەو وڵاتە لە دەرەوە جوانبکات، کە بەشێکی سعودییەکان بە "داهێنەری روخسارێکی گەشاوەی شانشین" وەسفی دەکەن.

هاوکات لەو چەند ساڵەدا کۆمەڵێک چاکسازی لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا کراوە، لەوانە رێگەدان بە شۆفێریکردن لەلایەن ژنان، کردنەوەی سینەما و هێنانی گۆرانیبێژانی عەرەبی بیانی بۆ سعودیە.

پێغەمبەر وەکو هۆکاری بانگەشکردن بۆ هونەر

عادل کلبانی، وتاربێژێکی سعودیەیە و لە وتارێکدا بەناونیشانی "سعودیەی نوێ" یان "دینی سعودیەی نوێ" و لە فتوایەکدا دەربارەی گۆرانی وتن ئاماژەی بەوەکردوە، "پێغەمبەر (د.خ) پێشوازی لە هونەرمەندان دەکرد و گوێی لێ دەگرتن، هەرەها وشەکانی بۆ دەنوسین".

وەکو بەڵگە هێنانەوەش بۆ قسەکانی ئەو وتاربێژە فەرمودەیەک دەهێنێتەوە و کاتێک "پێغەمبەر (د.خ) پرسیار لە هاوەڵانی دەکات ئەو کچە کێیە؟، پێی دەڵێن ئەوە قینەی(هونەرمەند) کچی فڵان کەسە، پێغەمبەر (د.خ) دەڵێت بۆم بانگ بکەن، هاوەڵەکانیشی بانگی دەکەن".
 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "پێغەمبەر (د.خ) لەسەردەمی گۆرانی وتینیشدا ژیاوە و دو لە دراسێکانی گۆرانیان وتوە، ئەو گۆرانبێژانەی پێغەمبەر (د.خ) پێشوازی لێکردون هەمان گۆرانی بێژانی ئەمڕۆن"، سەبارەت ئاهەنگەکانی سەماکردن و گۆارنی و موزیکیش ئەو زانا ئاینییە باسی لەوەکردوە، "هیچ بەڵگەیەک نیە پێغەمبەر (د.خ)  گۆرانی و موزیکی قەدەغەکردبێت".


فتواکەی ئەو زانا سعویە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە

وتەکانی ئەو زانا سعودیە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە لە کاتێکدا گۆرانی و موزیک بە درێژایی دەیان ساڵ وەکو تاوان و کارێکی قەدەغکراو بوە، بۆچی بەو کاتە درەنگە فتوادراوە کە کارێکی ئاساییە و پێچەوانەی بنەماکانی ئاینی ئیسلام نیە، کە لە هەمان کاتدا ریاز وەکو دەستوری خۆی بەکاریدەهێنێت.

لەو بارەیەوە ئەبو مەنیف خالیدی، چالاکوان باسی لەوەکردوە، کلبانی تاوان دەکات کاتێک باس لەوەدەکات پێغەمبەر (د.خ)  پێشوازی لە گۆرانی بێژان کردوە و گوێی لە گۆرانییەکان گرتوە و ئەو "کفریکردوە، چونکە درۆی بەناوی پێغەمبەر (د.خ) کردوە".

هەروەها كەسێك بەناوی د.دیپلۆماسی قدیم لە تویتەری خۆی نوسیویەتی،"کلبانی دەهۆڵ بۆ محەمەد بن سەلمان دەکوتێ و بە قسەی خۆی پێغەمبەر پێشوازی لە گۆرانی بێژان کردوە".

کەسێکی دیکەش لەسەر فتواکەی کلبانی رونیکردوەتەوە، "فەرمودەکە راستە، بەڵام کلبانی ماناکەی هەڵگێڕاوەتەوە، دراوسێکانی پێغەمبەر (د.خ) گۆرانیبێژ نەبون بە گوێرەی فەرمودە، دوەم پێغەمبەر گۆرانیەکەی پێنەبڕیون، چونکە ئەوانە منداڵ بون، بەڵام گوێی لێنەگرتون، سێیەم کردارەکانیان بۆ گۆرانی نەبوە، بەڵکو وتنەوەی دەقێک بوە بەبێ مۆسیقا کە باس لە ئازایەتی دەکات".

هەروەها ترکی شلوب ئەوەی خستوەتەڕو، گۆرانی و مۆسیقا بەر لە دروستبونی دەستەی ئاهەنگ و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغەکرابو، بەڵام دوای دروستبونی دەستەکە و بڵابونەوەی ئاهەنگەکانی سەماکردن وتیان، "پێغەمبەر پێشوازی لە گۆرانی بێژەکان دەکرد و داوای لێدەکردن گۆرانی بڵێن".

هەڵمەتەکە بە هەماهەنگی بەڕێوەدەچێت

بەتەنها فتواکەی کلبانی نەبوەتە هۆی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ پێدانی بەرگێکی ئاینی بە هەنگاوەکانی ئەم دوایەی بن سەلمان، بەڵکو هەریەک لە رۆژنامەنی خلیج ئۆنلاین و ئێندیپێندی عەرەبی کە لە سعودیە دەردەچن لە چەندین راپۆرتدا ئاماژە بەوەدەکەن، گۆرانی مۆسیقا بەشێک بون لەژیانی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری شاری مەککە لەسەرەتاکانی ئیسلامدا، جەختیش دەکەنەوە بەرنامەی ئێستای خوێندن لە سعودیە بە عەقڵێکی ئیخوانی توندڕە و نوسراوە و جێگەی مۆسیقای تێدا نەکراوتەوە.

رۆژی 7ی مانگی رابردوش وەزارەتی رۆشنبیری سعودیە بڵاویکردەوە، ئەوان هاوڕان کە لەگەڵ داواکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای سعودیە بۆ جێکردنەوەی مۆسیقا و گۆرانی لە بەشەکانی خوێندندا.

ستایش کردنی بن سەلمان.. کاری سەرەکی هونەرمەندانی عەرەب

دەسەڵاتدارانی سعودیە ئاهەنگەکان بۆ رازاندنەوە و جوانکردنی رۆڵی شازادەی جێنشینی سعودیە بەکاردەهێنن، بۆ نمونە، راغب عەلامە گۆرانبێژی دیاری لوبنانی لە ئاهەنگی مۆزیکی ریازدا وتی، لە ئێستادا گەنجانی لوبنان دژی گەندەڵی لە وڵاتەکەیاندا راپەڕیون، لوبنانییەکان هیواداربون کەسێکی وەکو محەمەد بن سەلمانیان هەبوایە کە گەندەڵکارانی راپێچی دادگا بکردبوایە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "گەنجانی لوبنان ئاواتەخوازبون کەسێکی وەکو بن سەلمان هەبوایە هەمو گەندەڵکارانی لە شوێنێکدا زیندانی بكردایە، هەروەکو شازادەی جێنشینی سعودیە لە هۆتێل ریتەرز لە ریاز کردی".

بەڵام رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە وەڵامی ئەو هونەرمەندەدا و سەرەتای ئەم مانگە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، رەخنەی لە "سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی بن سەلمان" گرت، بەتایبەت دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی دیاری سعودیە لە ئیستەنبوڵ.

هیومان رایتس وۆچ رونیکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سعودیە بەڕوی میوزیک و هونەردا کراوەتەوە، بەڵام دەستگیرکردنی چالاکان و زانایانی رەخنەگر لە دەسەڵات وەکو پێشوتر بەردەوام بوە و لە دو ساڵی رابردودا دەیان کەس دەستگیرکراون.

ساڵی 2016 و لە چوارچێوەی پڕۆژەی روانگەی سعودیە 2030، محەمەد بن سەلمان دامەزراندنی دەستەی ئاهەنگ و چالاکییەکانی راگەیاند، ئەوەش لە چوارچێوەی کرانەوە و گۆڕانکارییەکی فراوان لەسەر ئاستی سعودیەدا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP