بەپەلە

حەکیم: پێویستە هەرسێ سەرۆکایەتیەکە پابەندی بەندەکانی کارنامەی چاکسازیبن

- 11/21/2019 4:16:00 PM 702 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -      

سەرۆکی رەوتی حیکمە جەختی لەسەر پێویستی پابەندبون بە کارنامەی چاکسازیی کردەوە، و دوبارە داوای دادگایکردنی ئاشکرای بەرپرسە باڵا گەندەڵەکانی عێراقیشی کرد.

ئەمڕۆ پێنشەممە عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" رەوتی حیکمە لەگەڵ فاتح یەڵدز، باڵوێزی تورکیا تاوتوێی رەوشی سیاسی و عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردو وڵات کرد، لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان لەوڵاتەکەمان بەردەوامی هەیە".
باس لە گرنگی فشارەکانی گەلی عێراق بۆ سەر دەسەڵاتدارانی عێراق کرا

لەو راگەیەنراوەدا باس لە گرنگی فشارەکانی گەلی عێراق بۆ سەر دەسەڵاتدارانی عێراق کرا بەمەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی و گەرانەوەی متمانەی گەل بۆ دەسەڵاتەکەیان، لەرێگەی ئەنجامدانی چاکسازی و جێبەجێکردنی داخوازیەکانیی خۆپیشاندەران و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران.

لەبەیاننامەکەیدا، حەکیم جەختی لەسەر پێویستی پابەندبونی لایەنە سیاسیەکان بە کارنامەی چاکسازیەوە دەکاتەوەلەو ماوەیەی کە پێیاندراوە، داواشی لە هەرسێ دەسەڵاتەکەی عێراق کرد سود لەو کاتە وەربگرن کە بۆیان دیاریکراوە، هەمو بەندەکانی لەکاتی خۆیدا جێبەجێبکەن.

خۆپیشاندانەکانی عێراق لە 25ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە بەردەوامی هەیە، داوا دەکەن خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە زیاتر بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارن دەستەی نەزاهە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات.

لە ماوەی دو هەفتەی رابردودا و لە چوارچێوەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان پەرلەمانتار، وەزیری پێشو، پارێزگاری ئێستا و پێشو، بەڕێوەبەری گشتی ئێستا  وپێشوی عێراق دەرچوە و زۆرینەشیان بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان دەستگیر دەکرێن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP