بەپەلە

تورکیا : یەپەگە لەمەنبج نەکشاونەتەوە و پۆشاکی هێزەکانی سوپای سوریایان پۆشیوە

- 11/21/2019 4:09:00 PM 2349 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -         

وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، گفتوگۆمان لەگەڵ روسیا کردوە، دەربارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە)، کە لەناوچەی رێکەوتتنامەکەی روسیاو تورکیا نەکشاونەتەوە.

دوشەمەی رابردو، تورکیا هەرەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی لە رۆژئاڤای کوردستان کرد، لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند"ئەنقەرە مۆسکۆی دڵنیاکردوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی لەرۆژئاڤای کوردستان ئەنجامنادات".

ئەمڕۆ پێنجشەممە خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا لەوتارێکدا، کە لەبەردەم پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشیکرد، رایگەیاند" 29ی ئۆکتۆبەر روسیا پێی راگەیاندوین کە 34 هەزار ئەندامی یەپەگە بەقوڵی 30 کیلۆمەتر لە سنورەکانی تورکیاوە بۆ ناو خاکی سوریا کشاونەتەىوە، بەڵام دەرئەنجامەکات پێچەوانە دەرچونە، لەو بارەیەوە تورکیا لەگەڵ روسیادا لە گفتوگۆدایە".

ئەکار ئاماژەی بەوەشکرد، یەپەکە لەناو مەنبجدا ماونەتەوە و جلی ئەندامانی سوپای سوریایان پۆشیوە، بۆیە داوا لە روسیا دەکەین بەزوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکات".

هاوکات باسی لەوەشکرد، تورکیا گفتوگۆی لەگەڵ روسیا کردوە لەبارەی زیادکردنی گەڕانەکانمان لە تەلرەفعەت، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتای لەو بارەیەوە دەرنەکراوە.

کۆتایی مانگی تۆکتۆبەر تورکیا بەنێوەنگیری روسیا وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) راگەیاند، لەبەرامبەر یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە ناوچەکانی مەنبج و تەلرەفعەت بەقوڵی 30 کلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە بۆ ناو خاکی سوریا کشانەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP