هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

وەزارەتی بەرگری تورکیا: چەکی قەدەغەکراومان لەسوریا بەکارنەهێناوە

- 11/21/2019 3:42:00 PM 1765 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لەماوەی ئۆپەراسیۆنی "چاوگی ئاشتی" بۆسەر باکوری سوریا هیچ چەکێکی قەدەغەکراومان بەکارنەهێناوە.
لەماوەی لەشکرکێشییەکەیان بۆ باکوری سوریا هیچ چەکێکی قەدەغەکراویان بەکارنەهێناوە

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی سپوتنیک، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری تورکیا لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە کە لەماوەی لەشکرکێشییەکەیان بۆ باکوری سوریا هیچ چەکێکی قەدەغەکراویان بەکارنەهێناوە و بەکاریشی ناهێنن.

ئەم راگەیەنراوەی تورکیا پاش ئەوە دێت، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات کە باڵی سیاسی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، مانگی ئۆکتۆبەری رابردو راگەیەنراوێکی ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد تورکیا، لەماوەی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر خاکی کوردان لەسوریا،  چەکی قەدەغەکراوی فۆسفۆری دژی ژن و منداڵی کورد بەکارهێناوە.

رۆژی 9-ی ئۆکتۆبەری رابردو، سوپای تورکیا لەشکرکێشی بۆسەر باکوری سوریا کە خاکی داگیرکراوی کوردستانە، دەستپێکرد و پاش کشانەوەی هێزە کوردییەکان، توانی ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی کۆنترۆڵبکات.

دواتر لەبارەی دۆخی باکوری سوریا، هەریەک لەمۆسکۆ و ئەنقەرە رۆژی 22-ی ئۆکتۆبەر یاداشتێکی لێکتێگەشتن و چارەسەرییان واژۆکرد بۆ کشانەوەی هێزە کوردییەکان و سوپای تورکیا لەسەر سنورەکان.

بەهۆی لەشکرکێشی تورکیاوە سەدان کەس لەنێوانیاندا ژن و منداڵ کوژران و برینداربون، لەناوچەی سەرێکانێش کاریگەری بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕ و چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیاوە بینرا و میدیاکانی جیهانیش وێنەی دەیان ژن و منداڵی سوریایان بڵاوکردەوە کە بەمادەی سوتێنەر پێکرابون. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP