بەپەلە

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: شارەزایان بونی یۆرانیۆمی پیتێنراویان لە ئێران تۆمارکردوە

- 11/21/2019 2:55:00 PM 933 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، شارەزایانی وزەی ئەتۆم بونی یۆرانیۆمی پیتێنراویان تۆمارکردوە کە ناوچەیەکی نادیار لەناوخۆی ئێراندا بەرهەمهێنراوە.
ئێران دەستیکردوە بە چالاکییەکانی پیتاندنەوەی یۆرانیۆم و دەبێت دەستبەجێ وەڵامی پرسیارەکان و هۆکاری ئەو هەنگاوەی رونبکاتەوە

 

کۆرۆنیل ڤیرۆتا بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە کەناڵی عەرەبییەی راگەیاندوە، ئێران دەستیکردوە بە چالاکییەکانی پیتاندنەوەی یۆرانیۆم و لەوبارەیەوە دەبێت دەستبەجێ ئەو وڵاتە وەڵامی پرسیارەکان و هۆکاری ئەو هەنگاوەی رونبکاتەوە.

پێشتوتریش سەرۆكی ئێران، زیادكردنی گازی بۆ ئامێرەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی (فۆردۆ)، وەك هەنگاوی چوارەم قۆناغ بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی وڵاتەكەی بە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015 راگەیاندبوو.
لە ئەگەر بەردەوامی سزاکان لەلایەن ئەمریکا و بێ دەنگی وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنەکەدا، ئاستی پابەندبونەوەکانمان بە رێککەوتنی ئەتۆم کەمدەکەینەوە 

 

دوای ئەوەش بەرپرسانی باڵای ئێران رایانگەیاند، لە ئەگەر بەردەوامی سزاکان لەلایەن ئەمریکا و بێ دەنگی وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنەکەدا، ئەوانیش ئاستی پابەندبونەوەکانیان بە رێککەوتنی ئەتۆم کەمدەکەنەوە و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەکەنەوە.
ئەگەر ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی پاشگەزبێتەوە ئەوا سزاکان بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێننەوە

 

ئەو هەنگاوەی ئێرانیش نیگەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای لێکەوتەوە ئاماژەیان بەوەکرد، ئەگەر ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی پاشگەزبێتەوە ئەوا سزاکان بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێننەوە.

بەپێی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، رێگە ئێران درابو، تائاستێكی دیاریكراو یۆرانیۆم بپیتێنێت كە بڕەكەی 300 كیلۆگرام و ئاوی قورسیش لە 130 تۆن زیاتر نەبێت، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە کشایەوە، تاران پابەندبونی بە رێككەوتنامەكەوە كەمكردەوە و دەستیكردەوە بە پیتاندی یۆرانیۆم.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP