هەواڵی ئەمڕۆ

سواڵكردن لە هەرێمی کوردستان "بوەتە دیاردە"
سلێمانى؛ بۆ رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن رێگارى توند ده‌گیرێته‌به‌ر

- 11/21/2019 2:29:00 PM 2083 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قایمقامیه‌تى سلێمانى به‌هاوكارى لایه‌نه‌ په‌یوندیداره‌كان  رێكاره‌كانى رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن توندتر دەکاتەوە و قایمقامى شارەکەش ده‌ڵێت، بۆ رێگریكردن له‌و دیارده‌یه‌ پێویسته‌ هه‌مو لایه‌ك هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن و هه‌نگاوى كردارى بنرێت.
نوێنه‌رانى دادگا، داواكارى گشتى سلێمانى، پۆلیس، ئاسایش و نوێنه‌رى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى کۆبونەوە

 

قایمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە رایگەیاندوە، به‌ ئامانجى كه‌مكردنه‌وه‌ و رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن و دانانى سنورێك له‌ به‌رده‌م دیارده‌كه‌دا ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بونى نوێنه‌رانى دادگا، داواكارى گشتى سلێمانى، پۆلیس، ئاسایش و نوێنه‌رى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى كۆبونه‌وه‌یه‌كى فراوان به‌ڕێوه‌چوە.
سواڵكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان بوه‌ته‌ دیارده‌یه‌كى گه‌وره‌و پێویستى به‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوى جدییه‌ بۆ رێگركردن لێى

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، سواڵكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان بوه‌ته‌ "دیارده‌یه‌كى گه‌وره‌"و پێویستى به‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوى جدییه‌ بۆ رێگركردن لێى.
زیاتر 90% ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ سلێمانى سواڵده‌كه‌ن خه‌ڵكى سلێمانى نین، به‌ڵكو زۆربه‌یان به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب و خه‌ڵكى وڵاتانى ده‌وروبه‌رن

 

قایمقامیەتی سلێمانی باسی لەوەشکردوە، "زیاتر 90% ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ سلێمانى سواڵده‌كه‌ن خه‌ڵكى سلێمانى نین، به‌ڵكو زۆربه‌یان به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب و خه‌ڵكى وڵاتانى ده‌وروبه‌رن، له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوشدا له‌ سلێمانى هه‌نگاوى گرنگ و پێویست نراوه‌ بۆ رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن و قائیمقامیه‌تى سلێمانى له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گرفته‌دایه‌ كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ دیارده‌ و كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان
ئه‌ركى هه‌مو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و دیارده‌یه‌


ئەوەش خراوەتەڕو، "ئه‌ركى هه‌مو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و دیارده‌یه‌، چونكه‌ به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونانه‌ى كه‌ كراوه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ له‌پشت دیارده‌كه‌وه‌ تاوانى تر ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ كاریگه‌رى مه‌ترسیدارى ده‌بێت له‌سه‌ر لێكترازانى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان".

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە بڕیاردراوە چەند هەنداوێک بگیردرێتەبەر.

یەکەم: هه‌ڵمه‌تێكى هۆشیارى  گشتى رێكبخرێت به‌تایبه‌ت له‌رێگه‌ى میدیا و مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ هاوڵاتیان له‌ مه‌ترسیه‌كانى پشت دیارده‌كه‌ ئاگاداربكرێته‌وه‌

دوەم: هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى سلێمانى به‌ هاوكارى لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ چه‌ند رۆژى ئاینده‌دا هه‌ڵمه‌تێكى فراوان رێكده‌خه‌ن بۆ رێگرى  له‌ دیارده‌كه‌.

سێیەم: یاسا به‌ركاره‌كانى تایبه‌ت به‌ رێگرى كردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن كاراتر بكرێنه‌وه‌ و له‌م روه‌وه‌ دادگاكان و داواكارى گشتى رۆڵى گرنگى خۆى ببینێت.

چوارەم: له‌رێگه‌ى لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى و لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ به‌دواداچون بكرێت بۆ شوێنى مانه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سواڵ ده‌كه‌ن.

پێنجەم: به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك رێگرى بكرێت له‌ بازرگانى كردن به‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سواڵ ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌تى منداڵان.

شەشەم: رێگرى له‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ له‌ ترافیكه‌كان شت ده‌فرۆشن و له‌پاشت ئه‌وه‌وه‌ سواڵده‌كه‌ن. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP