هەواڵی ئەمڕۆ

"دەبێت ئێران کۆتایی بە توندوتیژیەکان بهێنێت"
یەکێتی ئەوروپا: پێویستە ئێران کۆتا هەوڵی خۆڕێکخستنەوە بدات

- 11/21/2019 2:02:00 PM 1181 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتا هەوڵی خۆڕێکخستنەوە بدات لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، کە لەهەینی رابردوەوە لە زۆرینەی شارەکانی ئێراندا بەردەوامی هەیە.

مایا کۆسیانتیچ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا سەرەخۆشی خۆی بۆ خێزانی کوژراوانی خۆپیشاندەرانی ئێران راگەیاند، هاوکات داوای ئەنجامدانی گفتوگۆی کرد بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکانی ئەم دوایانەی ئێران.
چاوەڕوانیمان لە هێزەکانی ئاسایشی ئێران هەیە، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن

 
ئاماژەی بەوەشکرد، "چاوەڕوانیمان لە هێزەکانی ئاسایشی ئێران هەیە، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن، کۆتا هەوڵی خۆیان بەکاربهێنن بۆ بەکارنەهێنانی هێز لە دژی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەیان".

یەکێتی ئەوروپا داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات خزمەتگوزاری ئینتەرنێت کە لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە ئێراندا پچراوە

 

وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا باسی لەوەشکرد، "یەکێتی ئەوروپا داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات خزمەتگوزاری ئینتەرنێت کە لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە ئێراندا پچراوە، بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکە".

15ی ئەم مانگە، بەهۆی بڕیاری حکومەتی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ دو بەرامبەر (هەزار و 500 تمەن بۆ سێ هەزار 500 تمەن)، هاوڵاتیانی چەند شارێکی ئەو وڵاتە ناڕەزاییان دەربڕی و لە هەندێ شاریش روبەڕوبونەوە لەگەڵ پۆلسیدا رویدا.

هاوڵاتیانی ئێران دەڵێن، رێژەی گشتی داهاتەكانیان 200 دۆلار تێناپەڕێنێت و ناتوانن ئەو بڕە پارە زیادەیەی بەنزین دابین بكەن"، ئەوەش لەپاڵ بەرزبونەوەی نرخەكانی خۆراك كە لە سەرەتای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر وڵاتەكەدا دروستبوە و بەرزبونەوەی نرخەكانیش بەردەوامی هەیە.

هاوکات دەزگای لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندوە، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە تا ئێستا زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر کوژراون و 200 کەسی دیکەش برینداربون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP