بەپەلە

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەزیری پێشوتری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆی کەرکوک دەرچو

- 11/21/2019 11:30:00 AM 7991 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەستەی دەستپاکی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ وەزیری پێشوتری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراق و سەرۆکی پێشوی زانکۆی کەرکوک دەرکرد.
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەکە لە وەزیری پێشوتری خوێندنی باڵای عێراق و سەرۆکی پێشوی زانکۆی کەرکوک دەرچوە

 

بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەکە لە وەزیری پێشوتری خوێندنی باڵای عێراق و سەرۆکی پێشوی زانکۆی کەرکوک دەرچوە، ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچی یاسایی لە گرێبەستەکانی پڕۆژەی کارەکانی بەردەم زانکۆی کەرکوک".
لەپاش بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان، رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەپاش بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان، رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون، بەپێی ماددەی 340 لەیاسای سزادانی عێراقی.

لە ماوەی دو هەفتەی رابردوداو لە چوارچێوەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان پەرلەمانتار، وەزیری پێشو، پارێزگاری ئێستا و پێشو، بەڕێوەبەری گشتی ئێستا و پێشوی عێراق دەرچوە و زۆرینەشیان بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان دەستگیر دەکرێن.

دوێنێ چوارشەممەش دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ماددەی 331 لە یاسایی سزادانی عێراقی فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کەرکوک بۆ کاروباری زانستی، بەرپرسی پێشوی فاکەڵتی یاسا و سەرۆکی بەشی یاسا دەرکراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP