دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
ڤیدیۆ؛ هێزەکانی روسیا لە فڕۆکەخانەی سیرین جێگیربون

- 11/21/2019 9:15:00 AM 2332 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسی هێزەکانی پۆلیسی روسیا لە باکوری سوریا رایگەیاند، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا لە ئێستا هێزەکانیان لە فڕۆکەخانەی سیرین لە کۆبانی جێگیربون.
دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لە ئێستادا ئەرکی ئێمە لە باکوری سوریا بریتیە لە پاراستنی هێڵی سنوری نێوان هێزە ناکۆکەکان

 

سەفەر سفروف، ئەفەسەری بەرپرس لە هێزەکانی پۆلیسی روسیا بە ماڵپەڕی روسیا تودەی راگەیاندوە، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لە ئێستادا ئەرکی ئەوان لە باکوری سوریا بریتیە لە پاراستنی هێڵی سنوری نێوان هێزە ناکۆکەکان، هەروەها ئەرکی هێزەکانیانە چاودێری هەمو ئەو کەرەستە و هاوکارییە مرۆییانە بکەن کە دەگەیەنرێتە منبج.
بنکەی سەربازی سرین کە پێشوتر هێزەکانی ئەمریکای تێدابوە دوای کشانەوەیان هێزەکان ژمارەیەک کەرەستەیان جێهێشتوە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، بنکەی سەربازی سرین کە پێشوتر هێزەکانی ئەمریکای تێدابوە دوای کشانەوەیان هێزەکان ژمارەیەک کەرەستەیان جێهێشتوە و لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیسی سەربازی روسیا لەو بنکەیەوە چاودێری جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست دەکەن.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی روسیا باسی لەوەشکردوە، فڕۆکەخانەی سرین زیانی پێنەگەیشتوە کە روبەرەکەی دو کیلۆمەترە و ژمارەیەک کەرەستەی هێزە ئاسمانییەکان و پۆلیسی روسیای تیادا جێگیرکراوە.

ئەوەشی خستەڕو، تیمە ئەندازیارییەکانیش کار بۆ فراوانکردنی بەشی کارمەندانی فڕۆکەخانەکە دەکەن بەجۆرێک بەشێک لە هێزەکانیان بتوانن لەو ناوچەیەدا بمێننەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP