هێمن هەورامی: لە هەموارکردنى دەستورى عێراقدا ناهێڵین دەست بۆ مافە دەستورییەکانى هەرێم ببرێت

- 11/21/2019 8:50:00 AM 5488 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، شەش ئەندامى کورد لە لیژنەى ماددەى 142ى هەموارى دەستورى عێراقدان بە وردى چاودێرى دۆخەکە دەکەن، دەشڵێت، "لە هەموارکردنى دەستورى عێراقدا ناهێڵین دەست بۆ مافە دەستوورییەکانى هەرێم ببرێت".
ناسەقامگیرییەکانى عێراق کاریگەرى راستەخۆى لەسەر دۆخى هەرێمى کوردستان هەیە

 

هێمن هەورامى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی راگەیاندوە، "ناسەقامگیرییەکانى عێراق کاریگەرى راستەوخۆى لەسەر دۆخى هەرێمى کوردستان هەیە، هەمو هەوڵەکانى ئێمەش بۆ ئەوەیە کە خوێنڕشتن کەمتر بێتەوە و سەقامگیرى زیاتر بێت".
نیگەرانین لەو دۆخەى کە ئێستا لە عێراق هاتوەتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێنانەدى داواکارییە رەواکانى خۆپێشاندەرانى عێراق گرنگە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە نیگەرانین لەو دۆخەى کە ئێستا لە عێراق هاتوەتە ئاراوە، چونکە بۆ ئێمە سەقامگیرى حکومەتى عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێنانەدى داواکارییە رەواکانى خۆپێشاندەرانى عێراق گرنگە، هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لەڕوى حکوومڕانییەوە لەڕوى ئاسایشەوە کاریگەری راستەوخۆى لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت".
هەرێمى کوردستان خوازیارە پەیوەندییەکى پتەوتر و تۆکمەترى لە چوارچێوەى دەستوردا لەگەڵ عێراقدا هەبێت

 

هەورامى وتیشى، "هەرێمى کوردستان خوازیارە پەیوەندییەکى پتەوتر و تۆکمەترى لە چوارچێوەى دەستوردا لەگەڵ عێراقدا هەبێت، بۆ ئەوەى بتوانین ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا هەن چارەسەریان بکەین، ئێمە پێمانوایە هەر جۆرە کێشەیەک بۆ حکومەتى ئێستاى عێراق دروست بکرێت، بۆ ئەوەى نەتوانێت گفتوگۆیەکى دەستوریانە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بکات بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى درێژخایەن بەپێى دەستور، خۆى لەخۆیدا کاریگەرى نەرێنى لەسەر پەیوەندییەکانى هەردولا دروست دەکات".

باسی لەوەشکردوە، "هەرێمى کوردستان بە پەرۆشەوە سەیرى هەمو گۆڕانکارییەکانى ئێستاى عێراق دەکات لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى هەرێم و لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى پەرلەمان و سەرۆکایەتى کوتلە کوردستانییەکان بەدواداچوونى وردیشمان کردووە".

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت "هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە بزانین ئەگەر ئەم حکوومەتەى ئێستاى عێراق نەمێنێ، جێگرەوە کێیە؟ ئایا ئامانج سەقامگیرى عێراق و چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێندراوەکان و چاکسازی سەرتاسەریی و هەموارکردنى دەستورێکە بەو ئاڕاستەیەى کە سیستەمى سیاسى لە عێراقدا باشتر بکات، یان مەبەست لە گۆڕانکارییەکان نەهێشتنى مافە دەستورییەکانى هەرێمى کوردستان و هەموارکردنى دەستورە بۆ نەهێشتنى دەسەڵاتە فیدرالییەکانى هەرێمى کوردستان یان خستنەڕوى بەدیلێکە عێراق زیاتر بۆ مەرزکەزییەت بباتەوە، بۆیە ئێمە لە نزیکەوە چاودێرى دۆخەکە دەکەین".
هەر جۆرە هەموارکردنێک دەستبەرێت بۆ مافە دەستوورى و فیدرالییەکانى هەرێمى کوردستان بەبێ رەزامەندى پەرلەمانى کوردستان و بەبێ دەنگى 2 لەسەر 3ى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق نەدەتوانرا تێپەڕێندرێت

 

هێمن هەورامى لەبارەى هەموارکردنى دەستورى عێراق ئاشکراى کرد، "لە نێو دەستورى عێراقدا ماددەكانی 126و 142 باس لە هەموارکردنى دەستور دەکەن، ئەگەر هەموارى دەستور بەپێى ماددەى 126 بوایە، هەر جۆرە هەموارکردنێک دەستبەرێت بۆ مافە دەستوورى و فیدرالییەکانى هەرێمى کوردستان بەبێ رەزامەندى پەرلەمانى کوردستان و بەبێ دەنگى 2 لەسەر 3ى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق نەدەتوانرا تێپەڕێندرێت، بۆیە بەداخەوە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەپێى ماددەى 126 لێژنەیان دروست نەکردوە، بەڵکو بەپێى ماددەى 142 لیژنەیان دروستکردوە".
دەمانەوێت بزانین ئایا ئەم هەموارەى کە کوتلە سیاسییەکانى عێراق و نوێنەرى خۆپێشاندەران دەیانەوێت لە دەستوردا بیکەن، لەو ماددانەیە کە تایبەتن بە هەرێمى کوردستان یان نا

 

رونیشیکردەوە، "لە ئێستادا شەش ئەندامى کوردمان لە لیژنەکە هەیە بە وردى چاودێرى دۆخەکە دەکەین دەمانەوێت بزانین ئایا ئەم هەموارەى کە کوتلە سیاسییەکانى عێراق و نوێنەرى خۆپێشاندەران دەیانەوێت لە دەستوردا بیکەن، لەو ماددانەیە کە تایبەتن بە هەرێمى کوردستان یان لە کۆمەڵێک ماددەى ترە کە پەیوەندى بە سیستەمى سیاسى عێراق و هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکانەوەیە، ئەگەر تەنها دەست بۆ ئەو ماددانە بەرن کە پەیوەندی بە ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق و شێوازى سیستەمى سیاسى عێراق هەیە، بەتایبەتى لەوەى کە لە سیستەمى پەرلەمانى بیکەنە سیستەمێکى تێکەڵ لە سەرۆکایەتى و پەرلەمانى، ئەمە بابەتێکە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە زۆر جێگەى نیگەرانى نییە".
ئەگەر لە هەموارى دەستوردا دەست بۆ مافە دەستورییەکانى هەرێم و بنەماکانى فیدرالیزم و ماددەى 140 بەرن، ئەوکاتە ئێمە هەمو هەوڵێکى خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەى لەناو پەرلامنی عێراقدا شکستى پێبهێنین 

 

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دڵنیایی بە هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان دەدات و دەڵێت، ناهێڵن دەست بۆ مافە دەستورییەکانى عێراق ببرێت، "ئەگەر لە هەموارى دەستوردا دەست بۆ مافە دەستورییەکانى هەرێمى کوردستان و بنەماکانى فیدرالیزم و ماددەى 140 بەرن، ئەوکاتە ئێمە هەمو هەوڵێکى خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەى لەناو ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا شکستى پێبهێنین و زیاتر لە سەدا 51ى دەنگەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کۆکبن لەسەر ئەو هەموارەى کە دەکرێت، ئەگەر لەمەشدا نەماتوانى ئەوکات بەو گەرێنتییە دەستورییەى کە 2 لەسەر 3ى دەنگى دەنگدەرانى سێ پارێزگا رەتیکەینەوە، هیوادارین نەگەینە ئەم قۆناخە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP