کۆڕبەندی "ڕوبەڕوبونەوەی دژە جو" 30 سەرکردەی جیهان لە ئیسرائیل کۆدەکاتەوە

- 11/20/2019 10:05:00 PM 3653 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیارە مانگی شوباتی ساڵی داهاتو بەبەشداری سەرکردەی 30 وڵاتی جیهان، پێنجەمین کۆڕبەندی هۆلۆکۆست تایبەت بە ڕوبەڕوبونەوەی دژە جو لە ئیسرائیل بەڕێوەبچێت.

ریوڤین ریڤلن، سەرۆکی ئیسرائیل ئەمرۆ چوارشەممە رایگەیاند، بۆ یەکەمجار و لە یادی 75هەمین ساڵیادی رزگاردکردنی کەمپی ئەوشویتز کۆربەندەکە لە ئیسرائیل بەرێوەدەچێت.

بەگوێرەی زانیاریەکان سەرکردەی 30 وڵات لە کۆڕبەندەکەدا ئامادە دەبن، تیایاندا هەر یەکە لە ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فرەنسا و ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا ئامادە دەبن.

لە ساڵانی نێوان جەنگی یەکەم و دوەمی جیهان، رژێمی نازیەکان بە سەرکردایەتی ئادۆلف هیتلەر زیاتر لە 1.3  ملیۆن جوی لە کامپی چرکراوەی ئەوشویتز لە پۆلەندا قەتیس کردبو، تیادا بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە ئەشکەنجە دەدران و زیاتر لە 1.1 جو کوژران  و/یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا کە خەڵکی پۆلەندا، رۆما و یەکێتی سۆڤیەتی جاران بون، سەر ئەنجام لە رێکەوتی 27 ی شوباتی 1945 لەلایەن روسیا (یەکێتی سۆڤیەتی جاران) لەژێر دەستی نازیەکان رزگارکران.

بەگوێرەی راپۆرتێکی زانکۆی تەل ئەبیبی ئیسرائیلی، ساڵی رابردو رێژەی پەلاماردان و هێرشکردنە سەر جوەکان لە جیهاندا بە رێژەی  سەدا 13 زیادی کردوە، کە وڵاتی ئەڵمانیا لەو رێژەیەدا پشکی شێری بەردەکەوێت و پاشانی وڵاتانی دیکەی ئەوروپای رۆژئاوایی و ئەمریکا دێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP