هەواڵی ئەمڕۆ

ئەنجومەنی دادوەری عێراق: دو هەزار و 400 خۆپیشاندەر ئازادكراون

- 11/20/2019 9:48:00 PM 704 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسانی عێراق رایانگەیاند، دو هەزار  و 400 تۆمەتبار ئازادكراون، كە لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەدا دەستگیركرابون.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند "تا ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییانەی عێراق دەستگیركراون و دواتر بە بڕیاری ئاسایی دادگا یاخود بە كەفالەت ئازادكراون، گەیشتوەتە دو هەزار و 400 كەس".

ئەوە لەكاتێكدایە خۆپیشاندانەكان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە و رۆژ دوای رۆژ بەردەوامن لە داواكاریەكانیان بۆ باشتركردنی گوزەرانیان و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی.

هاوكات پیكدادانەكان و توندئاژۆییەكانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، بوەتە هۆی كوژرانی زیاتر لە 300 كەس و برینداربونی زیاتر لە 11 هەزاری دیكە، داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانیش بۆ كەوتنی حكومەت و باشكردنی دۆخی ئابوری بەردەوامی هەیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP