لەدوای پشتگیری واشنتن بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران
نێردەی سویسرا لەئێران بانگهێشتی لێپرسینەوە دەکرێت

- 11/20/2019 9:28:00 PM 2049 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەدوای لێدوانەکانی مایک پۆمپیۆ سەبارەت بە پشتگیری ئەمریکا لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، حکومەتی تاران نێردەی سویسرا لە وڵاتەکەی بانگهێشتی لێپرسینەوە دەکات.

رێکەوتی 16/11 مایک پۆمپیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ داخوازی خۆپیشاندەرانی ئێران دوپاتکردوە.

پۆمپیۆ لە تویتەکەیدا هاوپێچی نوسینێکی ساڵی رابردوی خۆی کردبو سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەو کاتەی خەڵکی ئێران و نوسیبوی" ئەمریکا لەگەڵ ئێوە(خۆپیشاندەرانی ئێران)دایە".

لەدوای راگەیاندنی پشتگیری واشنتن بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران، عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەڵامی پۆمپیۆی دایەوە و وتی"ئەوەی ئەمریکا پشتگیری دەکات گەلی ئێران نیە بەڵکو دەستەیەکە لە خەڵکی ئاژاوەگێڕ و  گێرەشێوێنن".

هاوکات، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە وتەکانی پۆمپیۆ، ئەمریکای بە دوڕو وەسفکرد و وتی" ئەوەی ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات جگە لە دوڕویی هیچی دیکە نیە، فشاری ئابوری دەخاتە سەر ئێران کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەرخەڵکی ئاسایی ئێران دروستدەکات و ناتوانن خواردن و دەرمان بكرن، دواتریش دەڵێت پاڵپشتی داخوازیەکانیان دەکەم".

لەدوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و کشانەوەی نوێنەرایەتی واشنتن لە تاران بەهۆی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979، نوێنەرایەتی سویسرا بەرژەوەندی و خواستەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە تاران بەرجەستە دەکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP