بەپەلە

سبەی لە چەند شوێنێكی سنوری سلێمانی نەوت دابەشدەكرێت

- 11/19/2019 11:17:00 PM 33324 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سبەینێ دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنوری قەزای چەمچەماڵ و شارەزور و ناحیەی بازیان دەستپێدەکات. 

لە راگەیاندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بڵاویکردەوە، سبەی چوارشەممە، لە سنوری قەزای چەمچەماڵ و شارەزور و ناحیەی بازیان، نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەشدەکرێت. 

رۆژی یەک شەممەی رابردو 2019 /11/17لە پارێزگای هەڵەبجە دەستکرا بە دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا، بەگوێرەی زانیاری ئەو هاوڵاتیانەی نەوتیان وەرگرتبو، بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 46 هەزار دیناریان لێوەرگیراوە و نەوتەكەش لەرێگەی كارتی زیرەكەوە بەسەریاندا دابەشكراوە.

دابەشكردنی نەوت بەسەرماڵاندا دوای بڕیارێكی حكومەتی عێراق دێت كە سەرەتاى ئەم مانگە ڕەزامەندی دەربڕى بۆ هەناردەكردنی بڕی (50)ملیۆن لیتر لە نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان، دوای دابەشكردنەكەش نرخی بەرمیلێك نەوت لە 135 هەزار دینارەوە بۆ 125 هەزار دینار دابەزیوە

پێشتر غالب محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا، ئاماژەی بە لێدوانێكی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەدات، كە رایگەیاندبو، لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بڕیاریانداوە بڕی 5 هەزار دینار لە نرخی بەرمیلێك نەوت كەمبكەنەوە، كە بەسەر ماڵاندا دابەشیدەكەن. لەوبارەیەوە پەرلەمانتارەكە دەڵێت "پارێزگاری هەولێر پیاوەتی بە ئاوی حەمامەوە دەكات، چونكە ئەو نەوتەی لەلایەن حكومەتی عیراقە بۆ ماڵان دابینكراوە، نرخی 216 لتر نەوتی سپی دەكاتە 31 هەزار دینار، كە حكومەتی عیراق وەك پاڵپشتی ناردویەتی بۆ پارێزگاكانی هەرێم".

دەشڵێت "لە هەرێم ئەو نەوتەی دەنێردرێت بۆ هاووڵاتیان، تێكەڵ بە نەوتی كوالیتی خراپ دەكرێت و بەنرخێكی گرانتر دەیدەن بە هاووڵاتیان".

هەروەها غالب محەمەد پەرلەمانتاری عیراق داوا لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم دەكات نەوت بە نرخەكەی خۆی بدەن بە هاووڵاتیان و لەوڕوەوە دەڵێت "ئەگەر بەو نرخە نەبێت، ناچارمان دەكەن ناوی هەر پێنج كۆمپانیاكە و چوار پارێزگارەكە بە راپۆرتێك بدەین بە دەستپاكیی عیراق بۆئەوەی لێكۆڵێنەوە لەو گەندەڵییە بكەن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP