ترەمپ رەوانەكردنی سێ هەزار سەرباز بۆ سعودیە بە كۆنگرێس رادەگەیەنێت

- 11/19/2019 11:09:00 PM 3515 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە پەیامێكدا بە فەرمی بە كۆنگرێسی وڵاتەكەی راگەیاند، سێ هەزار سەربازی ئەمریكی دەنێرێتە سعودیە.

لە نامەكەیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە كۆنگرێسی راگەیاندوە "ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەكانی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و بە تایبەتیش لەرێگەی بەئامانجگرتنی پێگە نەوتیەكان".

ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئەم داواكاریە پاش ئەوەدێت لە رێكەوتی 22ی تەمموز هێزی سەربازیمان ناردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ روبەڕوبونەوەی كارە توندئاژۆكانی ئێران، فەرمانمكرد بە بڵاوكردنەوە هێزە ئەمریكیەكان بۆ سەركەوتنی بەرگرییەكانی ناوچەكە روبەڕونەوەی كارە دوژمنكارانەكانی ئێران".

لە نامەكەیدا بۆ كۆنگرێس، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان ئاشكرایكردوە، "ئەو سەربازانەی كە بڕیارە بنێردرێنە سعودیە لەماوەی هەفتەكانی داهاتودا، لەگەڵ ئەو سەربازانەی كە لە ئێستادا بە كرداری لەو وڵاتەن كۆی ژمارەیان دەگاتە سێ هەزار سەرباز".

ئەوە لەكاتێكدایە، مانگی رابردو، حوسیەكانی یەمەن لە رێگەی فرۆكەی بێفڕكەوانەوە چەندین هێرشی ئاسمانیان كردە سەر پێگە نەوتیەكانی كۆمپانیای ئارامكۆ لە سعودیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP