بەهۆی نەناردنی پارەكە لەلایەن بەغداوە، دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران سستی تێدەكەوێت

- 11/19/2019 10:24:00 PM 73718 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرچەندە بڕیاربو سبەی موچەی چەند وەزارەت و دامەزراوەیەكی حكومەتی هەرێم دابەشبكرێت، بەڵام بەهۆی نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن  بەغداوە، سبەی تەنها موچەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دابەشدەكرێت.

پێشتر سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، سبەی چوارشەممە موچەی مانگی ئابی چوار وەزارەت و شەش دامەزراوەی هەرێم دابەشدەکرێت، بەڵام ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی گۆڕانكاری لە خشتەی دابەشكردنی موچە كردو بەو هۆیەشەوە دابەشكردنەكە سیستی تێدەكەوێتەوە.

ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوەبەری گەنجینەی دوی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند،"سبەی تەنها موچەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابەشدەكرێت و هێشتا ناشزانین رۆژی پێنج شەممە موچەی چی وەزارەتێكی دیكە دابەشدەكرێت".

بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان، تاكو ئێستا بەغداد موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەناردوە و رونیش نییە كەی موچەكە دەنێرێت.

خەندان، سەبارەت بە هۆكاری گۆڕانكاری لە خشتەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، پەیوەندیكرد بە ئەحمەد عەبدولڕەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، بەڵام بەبیانوی نەبونی كات ئامادەنەبو زانیاری بدات.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی پێشتر گەیشتبوە خەندان، بڕیاربو سبەی چوار شەممە موچەی وەزارەتەیكانی (خوێندنی باڵا، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، وەزارەتی ئەوقاف) و (دەزگای گشتی ئاسایش، ئەنجومەنی ئاسایش، ھێزەکانی زێرەڤانی، پۆلیسی نەوت و گاز، ھێزی بەرگری فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی ھەرێم) بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكرێت.

بەگوێرەی خشتەكە دەبو رۆژی پێنجشەممە 21/11/2019، وەزارەتەكانی (كشتوكاڵ، كارەبا، شاره‌وانی‌ و گەشتوگوزار، گواستنه‌وه و گه‌یاندن، پلاندانان) و دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی و دەستەی مافی مرۆڤ و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و دەستەی ده‌ستپاكی، ده‌سته‌ی ژینگه و دەستەی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و ده‌زگای گشتی کاروباری مین و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن، موچەكانیان پێبدرێت.

هەمو مانگێگ وەزارەتی دارایی لە پێنجی مانگ بەدواوە، دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دەکات. دابەشكردنەكەش بە دو قۆناغە، قۆناغی یەکەم پشت بە داهاتی نەتی فرۆشراو دەبەستێت، قۆناغی دوەمیش لەو پارەیە دابەشدەکرێت کە لە بەغداوە دەگاتە هەرێمی کوردستان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP