لەبارەی ئیسرائیلەوە روسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا

- 11/19/2019 3:16:00 PM 17935 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

 لەبارەی سیاسەتەکانی دەرهەق بەئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی روسیا هۆشداری دایە ئەمریکا کە ئەو هەنگاوانە دۆخی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆزدەکات و ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین قوڵتر دەکاتەوە.
پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە دۆخی خراپی ناوچەکە ئاڵۆزتردەکات 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هائارتزی ئیسرائیلی، وەزارەتی دەرەوەی روسیا راگەیەنراوێکی لەبارەی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوی ئەمریکا بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە دۆخی خراپی ناوچەکە ئاڵۆزتردەکات و ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین قوڵتر دەکاتەوە.

دوێنێ دوشەممە مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەیان نەرمتر دەبێت لەبارەی پرۆسەی نیشتەجێکردنی ئیسرائیل لەبانکی رۆژئاوا، ئەوەش ناڕەزایەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێرانی بەدواداهات.

لەماوەی رابردودا سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەجۆرێک بەوە کە هەمیشە لایەنگری بۆ ئیسرائیل تێدابوە و پێگەی فەلەستینییەکانی لەبەرامبەر ئیسرائیلدا لاوازکردوە.

لەماوەی رابردودا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دو هەنگاوی گرنگی لەبەرژەوەندی ئیسرائیلییەکان ناوە کە رەخنەی زۆر لەسەرتاسەری جیهان لێگیراوە، ئەوانیش پشتیوانیکردنی داگیرکردنی بانکی رۆژئاوا و بەرزاییەکانی جۆلان لەگەڵ گواستنەوە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بۆ قودس وەک پاڵپشتییەک بۆ ناساندنی قودس وەک شارێکی ئیسرائیلی.

هەر ئەمڕۆ لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ناتانیۆهی سوپاسی تایبەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای کردوە کە نادادییەکی مێژویی بۆ ئیسرائیلییەکان رێککردۆتەوە و رایگەیاندوە پرۆسەی نیشتەجێبون لەبانکی رۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان نیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP