خوێندنى باڵا: کردنەوەى دو لقى زانکۆى تارانى پزیشکى لە هەرێم تاوتوێ دەکەین

- 11/19/2019 3:15:00 PM 1586 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران و نوێنەرى زانکۆى تارانى پزیشکى کۆبوەوە و رایگەیاند، کردنەوەى دو لقى زانکۆى تارانى پزیشکى لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.

ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانى کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ نصراللە رشنودى، سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و شاندێکی زانکۆى تارانى پزیشکى کۆبوەوە.
 ئامادەى سەرجەم هاوکارى و پشتیوانیەکین بۆ بەهێزکردنى زیاترى پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێم و وڵاتى ئێران

 

سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر رایگەیاند، وەک کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەى سەرجەم هاوکارى و پشتیوانیەکن بۆ بەهێزکردنى زیاترى پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێم و وڵاتى ئێران.
لەڕابردو زۆرترین هاوکارى و بەرەو پێشچونمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا هەبوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕابردو زۆرترین هاوکارى و بەرەو پێشچونیان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا هەبوە، مەبەستیانە ئەم بەرەو پێشچون و هاوکاریانەیان بۆ ئاستێکى فراوانتر و بەرەو ئاڵوگۆڕى زیاترى مامۆستاو خوێندکار و راهێنانى کادیران و پێگەیاندنیان ببەن.
ەبەستمانە لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دو لقى زانکۆى تارانى پزیشکى لە هەرێمى کوردستان بکەینەوە

 

سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر دوپاتیشیکردەوە، "لەم سەردانەماندا مەبەستمانە لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دو لقى زانکۆى تارانى پزیشکى لە هەرێمى کوردستان بکەینەوە، کە بەشەکانى پزیشکى گشتى و دەرمانسازى و تەندروستى و کۆمەڵ و پەرستارى و مامانى لە خۆدەگرێت".
ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەى لقى زانکۆ دەبێت و هەمان سیستمى بەڕێوەبردن و کوالێتى و ستانداردى زانکۆى دایک تیادا پیادە دەکرێت

 

لەلایەن خۆشیەوە نوێنەرى زانکۆى تارانى پزیشکى لەوتەیەکدا تیشکى خستە سەر پرۆژەکەو رایگەیاند، "ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەى لقى زانکۆ دەبێت و هەمان سیستمى بەڕێوەبردن و کوالێتى و ستانداردى زانکۆى دایک تیادا پیادە دەکرێت".
خوێندنى پزیشکى لە زانکۆى تاران لە ئاستێکى بەرزدایەو پێگەى خۆى لە بوارى پزیشکى هەیە، کردنەوەى دو لقى زانکۆکە لە هەرێمى کوردستان جێگەى خۆشحاڵیمانەو پشتیوانى دەکەین

 

هاوکات وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، "خوێندنى پزیشکى لە زانکۆى تاران لە ئاستێکى بەرزدایەو پێگەى خۆى لە بوارى پزیشکى هەیە، کردنەوەى دو لقى زانکۆکە لە هەرێمى کوردستان جێگەى خۆشحاڵیمانەو پشتیوانى دەکەین، ئەویش لە چوارچێوەى جێبەجێ کردنى مەرج و ڕێنماییەکانى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین لە وەزارەتەکەمان مامەڵەى لەگەڵدا دەکەین".

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى باسی لەوەشکرد، "پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى ئێران لە ئاستێکى باشدایەو دەمانەوێت هاوکارى و هەماهەنگیمان لەبوارى خوێندنى باڵا و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى زیاتر پەرەپێبدەین".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP