بەپەلە

حکومەتی عێراق گرنگترین بڕگە هەموارکراوەکانی یاسای خانەنشینی بڵاودەکاتەوە

- 11/19/2019 2:59:00 PM 31206 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-               

وتەبێژی حکومەتی عێراق گرنگترین بڕگە هەموارکراوەکانی پڕۆژە یاسای خانەنشینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو یاسایە لە ئێستادا لە قۆناغی بەدەستورکردندایە.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ سۆمەریە نیوز نوێترین هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای خانەنشینی خستەڕو، کە پێشتر ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کردبو، لە ئێستادا لە قۆناغی بەدەستورکردندایە.
تەمەنی خانەنشینی کراوە بە 60 ساڵ، بەڵام بۆ مامۆستایانی زانکۆـ پزیشک، دادوەر و راوێژکارە یاسایەکانی ئەنجومەنی دەوڵەت و فڕۆکەوانان لە 63 ساڵیدا دەبێت

 

لە دیارترین بڕگەکانی ئەو پڕۆژە یاسایە، تەمەنی خانەنشینی کراوە بە 60 ساڵ، بەڵام بۆ مامۆستایانی زانکۆـ پزیشک، دادوەر و راوێژکارە یاسایەکانی ئەنجومەنی دەوڵەت و فڕۆکەوانان لە 63 ساڵیدا دەبێت.
هیچ سزایەک بۆ هیچ کارمەندێکی حکومی دەرناکرێت، ئەگەر بیەوێت واز لە کارەکەی بهێنێت یاخود گرێبەستەکەی هەڵوەشێنێتەوە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هیچ سزایەک بۆ هیچ کارمەندێکی حکومی دەرناکرێت، ئەگەر بیەوێت واز لە کارەکەی بهێنێت یاخود گرێبەستەکەی هەڵوەشێنێتەوە، بەمەرجێک ئەو کەسە تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت و خزمەتی 15 ساڵ کارکردنی هەبێت".
هەمو کارمەندێکی حکومی کە تەمەنی لە 50 ساڵ کەمتر نەبێت، دەتوانێت داوای خانەنیشینی پێشکەش بە حکومەت بکات

 

سەعد حەدیسی باسی لەوەشکردوە، "هەمو کارمەندێکی حکومی کە تەمەنی لە 50 ساڵ کەمتر نەبێت، دەتوانێت داوای خانەنیشینی پێشکەش بە حکومەت بکات، بەمەرجێک خزمەتی 15 ساڵ کارکردنی هەبێت".
 بەپێی هەموارەکە موچەی تەواوەتی 12 مانگ بۆ ئەو کەسانە خەرجدەکرێت کە خزمەتی کاریان لە 25 ساڵ زیاترە
ئەوەشی خستەڕو، بەپێی هەموارەکە موچەی تەواوەتی 12 مانگ بۆ ئەو کەسانە خەرجدەکرێت کە خزمەتی کاریان لە 25 ساڵ زیاترە، وەک پاداشتی خانەنشینی.

هاوکات هەر سیاسیەک کە لەپۆستە حکومیەکەی دورخرابێتەوە، ئەگەر تەمەنی سەرو 45 ساڵ بێت و خزمەتی 15 ساڵ کەمتری نەبێت، دەتوانێت موچەی خانەنیشینی وەربگرێت بەمەرجێک لەهیچ دەزگایەکی حکومی دانەمەزرابێت.

وتەبێژی حکومەتی عێراق رونیکردەوە، "پشکی موچەی خانەنیشینی لەو ژنانە دەبڕدرێت کە هاوسەرگیری پێکدەهێنن، یاخود دادەمەزرێن، بەڵام لەکاتی جیابونەوەیان لەهاوسەرەکەیان یاخود مردنی هاوسەرەکانیان یاخود وازهێنان لەکارەکانیان بۆیان دەگەڕێتەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP