بەپەلە

بەئامادەبونی یەكێتی و پارتی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەر نەخشەڕێگەیەك بۆ دۆخی وڵات رێككەوتن

- 11/19/2019 12:24:00 AM 30402 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ، بەئامادەبونی نوێنەرانی فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی لە پەرلەمانی عێراق  هێزە سیاسییەكان، لەبارەگای رەوتی حیكمە كۆبونەوەو لەسەر نەخشەڕێگەیەك بۆ دۆخی وڵات رێككەوتن.

بەگوێرەی بەیاننامەیەك كە وێنەیەكی دەست خەندان كەوتوە، ئەو هێزە سیاسییانە رێككەوتون لەسەر شەش خاڵ و كۆمەڵێك پێشنیار كە بەگوێرەی گرنگییەكانیان ریزبەندیان كردون.

لەبەیاننامەكەدا ئەو هێزە سیاسیانە بۆ وەڵامدانەوەی خواستەكانی خۆپیشاندەران و بەرژەوەندی گشتی و نەڕژانی خوێن و سەرخستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات، رێككەوتنێكیان واژۆكردوە و هەریەك لە یەكێتی و پارتیش بەشدارییان تێدا كردوە.

بەگوێرەی خاڵی یەكەمی رێكەوتنەكە،"دەبێت بەهەمو شێوەیەك رێگری بكرێت لە رژانی خوێنی خۆپیشاندەران و پارێزگاری لە ژیانی هاوڵاتیان بكرێت و مافەكانیان دابین بكرێت، پشتیوانی بكرێن و دوربخرێنەوە لە شەڕ، چونكە شەڕ دەبێتە هۆی دروستبونی ماڵوێرانی كەهەموان تیایدا زەرەرمەند دەبن".

لە خاڵی دوەمدا هاتوە،"پارێزگاری لە دامەزراوەی دەوڵەت و سیستمە سیاسییە دیموكراتییەكەی و پەرەپێدان بە بیروباوەڕی دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەپێی رێوشوێنی دەستوری عێراق بكرێت، كە ئەمەش بابەتێكی جێگیرەو تێپەڕاندنی هێڵی سورە".

بەگوێرەی خاڵی سێیەمی رێكەوتنەكە، "پێویستە لەسەر سەرۆكوەزیران و دامودەزگا ئەمنیەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئاسایشی وڵات و دامودەزگا گشتی و تایبەتییەكان بپارێزن"

ئەوەشخراوەتەرو،"دەبێت هێزە ئەمنیەكان و دەسەڵاتی دادوەری، تێكدەران و تاوانباران و ئەوانەی خۆپیشاندانەكانیان لە رێرەوی ئاشتیانەی خۆی لاداوە، سزایان بدات، چونكە ئەوانە هەستاون بە زیانگەیاندن بە دامەزراوەكانی دەوڵەت و كوشتنی هاوڵاتیان، پێویستە بەشێوەیەكی خێرا ئەوانە دەستنیشانبكرێن و بەگوێرەی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت".

لەخاڵی پێنجەمدا ئاماژە بەوەكراوە كە دەبێت فەرماندەی هێزە چەكدارەكان و هێزە ئەمنیە تایبەتەكان، ئەو لایەنانە دەستنیشانبكەن كە لەپشت رفاندنی خۆپیشاندەران و چالاكوانانی مەدەنی و بەشێوەیەكی نهێنی لەرێگەی قەناسەوە كوشتنی هاوڵاتیانیان كوشتوە، ئەمانەش بۆ رای گشتی ئاشكرابكرێن و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری بكرێن و بەگوێرەی یاسا روبەروی سزا بكرێنەوە".

لە كۆتا خاڵدا ئاماژە بەڕۆڵی پەرلەمانی عێراق كراوە كەدەبێت بە ئەركی خۆی هەستێت و دەشبێت هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت بكات بۆ هێنانەدی خواستەكانی هاونیشتیمانیان بەشێوەیەكی خێراو لەچوارچێوەی كاتێكی دیاریكراودا، بەشێوەك ئەو كاتەی پێكەوە دیاری دەكات درێژنەكرێتەوە و لە 45 رۆژ تێپەڕنەكات، دەشبێت لەو ماوەیەدا، ئەو چاكسازیانەی سەرۆكوەزیران لە 25 هەمین رۆژی خۆپیشاندانەكاندا لە وتارێكدا پێشكەشی كردوە جێبەجێ بكرێن".

هەر لەو بەیاننامەیدا، بەشێك هاتوە بەناوی پێشنیارەكان بەگوێرەی گرنگییەكانیان ریزبەندكراون و لە سێ خاڵ پێكهاتوە و خاڵی سێهەمیش بەسەر هەشت بڕگەدا دابەشكراوە و تیایدا كۆی گشتی پێشنیارەكان خراوەتەرو.

ئەو سێ خاڵەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، دەبێت دادگای تایبەت بە لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران چالاكبكرێت و گەندەڵكاران بەخێرایی راپێچی دادگاكە بكرێن، هاوكات هێزە سیاسیەكان دەستوەرنەدەنە كاروبارەكانی وەزارەت و دامەزراوەكانی دەوڵەت، هەروەها داواكراوە كە دەبێت هێزە سیاسییەكان پابەندبن بە هەمواری یاسا بنەڕەتییەكان بۆ گەشەپێدانی سیستمی حوكمڕانی و بەدیهێنانی داخوازییەكانی گەل لە ئەنجومەنی نوێنەران كە میكانیزمی ئەمەشیان لە هەشت بڕگەدا رونكردوەتەوە و گرنگترینیان خۆی لە هەمواری دەستورو یاسای هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی دادگای ئیتیحادی و چەندین بابەتی گرنگی دیكەدا دەبینێتەوە و روبەروی پەرلەمان كراوەتەوە.

ئەو لایەنانەی واژۆیان لەسەر بەیاننامەكە كردوە:
هاوپەیمانی فەتح
هاوپەیمانی نەسر
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
هاوپەیمانی هێزە نیشتیمانیەكان
پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
رەوتی حیكمەی نیشتیمانی
هاوپەیمانی نیشتیمانی
بەرەی رزگاری و گەشەپێدان
فراكسیۆنی بەخشینی نیشتیمانی
كوتلەی گرێبەستی نیشتیمانی
بەرەی توركمانی



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP