بەهاوكاری سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆكی حكومەت
پێش سەری ساڵی نوێ دامەزراوەیەكی گرنگی حكومی لە سلێمانی دەكرێتەوە

- 11/19/2019 12:02:00 AM 79725 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند،"بەهاوكاری سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی، پێش سەری ساڵی نوێ بڕیارە نوسینگەی پشت ڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکان(تصديقات)لە سلێمانی بکرێتەوە.

لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند،"ئەمڕۆ وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانییان کرد و لەلایەن بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانییەوە پێشوازییان لێکرا."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە،"دوای چەندین گفتوگۆ و کۆبونەوە بە ھەوڵ و هەماهەنگی ھەریەک لە (د.بەرھەم صاڵح) سەرۆک کۆماری عێراق و (قوباد تاڵەبانی)جێگری سەرۆکی حکومەت و(د. ھەڤاڵ ئەبوبکر) پارێزگاری سلێمانی، توانرا حکومەتی عێراق وەفدێک بنێریت بۆ پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی بەدواداچون و دیاریکردنی بینایەک بۆ کردنەوەی نوسینگەی پشتڕاستکرنەوەی بەڵگەنامەکان(تصديقات)لە پارێزگای سلێمانی تا بتوانن پێش ھاتنی ساڵی نوێ ئەم نوسینگەیە دەست بەکاربێت و بکرێتەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە،"بەکردنەوەی ئەم نوسینگەیە لە سلێمانی کارئاسانی زۆرتر بۆ هاوڵاتیان دەکرێت و چیتر پێویست ناکات ھاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی ئەو ھاوڵاتیانەی کە لە ھەندەرانەوە دەگەڕێنەوە بۆ(تصديق)کردنی بەڵگەنامەکانیان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بكەن لە بەغداد، لەسلێمانی کاروبارەکانیان جێبەجێدەکرێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP