هەواڵی ئەمڕۆ

کۆریای باکور: بۆ ئەوەی ترەمپ شانازی بەخۆیەوە نەکات، گفتوگۆی دیکە لەگەڵ ئەمریکا ناکەین

- 11/18/2019 3:55:00 PM 3163 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -       

کۆریای باکور رایگەیاند، وڵاتەکەیان هیچ خواستێکی بۆ گفتوگۆکردن نیە لەگەڵ ئەمریکادا، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەهۆیەوە شانازی بەخۆیەوە بکات وتیشی، پێوستە سنورێک بۆ سیاسەتەکانی بەرامبەر کۆریای باکور دابنرێت.
کۆریای باکورهیچ خواستێکی بۆ گفتوگۆکردن نیە لەگەڵ واشنتن 

کیم کی جۆن، دیپلۆماتکاری کۆریای باکور و جێگری پێشوی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە بەیاننامەیەکدا کە لە دەزگای راگەیاندنی ناوەندی حکومەتی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، رایگەیاند"کۆریای باکورهیچ خواستێکی بۆ گفتوگۆکردن نیە لەگەڵ واشنتندا، تاکو بەهۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا شانازی بەخۆیەوە بکات".

ئەم لێدوانەی کیم لەکاتێکدایە کە رۆژی هەینی رابردو دۆناڵد ترەمپ داوای لە کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکور کرد کە "بەخێرای بجوڵێت" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی دیکەی لوتکەیی لەنێوان هەردو وڵات.

کیم کی جۆن وتیشی، لەمانگی شەشی ساڵی پارەوە هیچ بەرەوپێشچونێک لە دانوستانەکانی نێوان هەردو وڵات روینەداوە و لەگەڵ ئەوەی هەردو سەرۆکی کۆریای باکور و ئەمریکا لەو ماوەیەدا دو کۆبونەوەیان لەو بارەیەوە ئەنجامداوە.

ئەوەشی راگەیاند"کۆریای باکور لەو دانوستانانەدا هیچ شتێک بەدەستناهێنێت، لەبەرئەوە ئێمەش هیچ شتێک نادەین بەدەست سەرۆکی ئەمریکاوە تاکو بەهۆیەوە شانازی بەخۆی بکات، داوای قەرەبوش دەکەین لەبری ئەو شانازیانەی کە تۆناڵد ترەمپ بە دو کۆبونەوەکەوە دەیکات و وەک دەستکەوتی حکومەتەکەی لێیدەڕوانێت".

یەکەمین کۆبونەوەی لوتکەی نێوان واشنتۆن و پیۆنگ یانگ لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 لە سەنگافورە بەرێوەچو، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داماڵینی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکورەوە، لەبەرامبەر لابردنی سزا ئابوریە سەپێنراوەکەی سەر ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە.

کۆبونەوەی لوتکەی دوەم لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا لە ڤێتنام بەڕێوەچو، بەڵام دانوستانەکان هیچ ئەنجامێکی خواستراوی نەدا بەدەستەوە.

کیم کی جوان وتیشی"گەر ئەمریکا دەیەوێت درێژە بە دانوستانەکان بدات، پێویستە زیاتر نەرمی بنوێنت و واز لەسیاسەتی دوژمنکارانە بهێنێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP