خۆپیشاندەران رێگای سەرەکی بەندەری ئوم قەسریان داخست

- 11/18/2019 3:24:00 PM 2811 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تائێستا خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامە و کەمێک بەرلەئێستا خۆپیشاندەران رێگای سەرەکی بەندەری ئوم قەسریان داخست.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئەسۆشیەیتد پرێس، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، لەکاتێکدا بانکی ناوەندی عێراق کاتژمێرەکانی کارکردنی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە کەمکردەوە، خۆپیشاندەران بەسوتاندنی تایە و مانەوە لەسەر جادەکان رێگای سەرەکی بەندەری ئوم قەسریان گرت، کە بەندەری سەرەکی ئەو وڵاتەیە بۆ گواستنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

لەوبارەیەوە، پۆلیسی بەسرە رایگەیاندوە، جگەلە گرتنی رێگای سەرەکی بەندەری ئوم قەسر، هاوکات خۆپیشاندەران بەسوتاندنی تایە و کۆکردنەوەی بەرد و خاشاک لەسەر جادەکان رێگای سەرەکی فڕۆکەخانەیان لەسەر رێی شاری پیرۆزی نەجەف گرتوە.

لەمانگی ئۆکتۆبەری رابردوەوە ئەمە دوەمین جارە خۆپیشاندەران رێگای سەرەکی بەندەری ئوم قەسەر دەگرن.

 هاوکات بەرپرسێکی باڵای بەندەرەکە لەبارەی زیانەکانی داخستنی رێگای سەرەکی بەندەری سەرەکی ئوم قەسر رایگەیاند، رۆژی 28-ی ئۆکتۆبەر کاتێک بۆ یەکەم جار رێگای سەرەکی بەندەرەکە داخرا زیانێکی زۆر بەسەرچاوە ئابورییەکانی عێراق گەیشت، بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نیوهێندە کەمبوەوە، لەسەرەتای ئاسایکردنەوەی چالاکییەکانی بەندەرەکەدا بوین، ئەوا بۆ جارێکی دیکە داخرایەوە، ئەوەش زیانی گەورە بەئابوری عێراق دەگەیەنێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP