بەپەلە

پێشنیازی یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت ده‌كرێت

- 11/18/2019 3:23:00 PM 1041 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان کۆبوەوەو لە کۆبونەوەکەدا پێشنیازى یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش  و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ تاوتوێ کران.

راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان کۆبوەتەوە، سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و سكاڵا و داواكارییانه‌ی ئاڕاسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆ كاری پێویستیان له‌سه‌ركراو ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون و چاره‌سه‌ركردنیان.
بڕیاری دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی درا بۆ ئەوەی له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی بكه‌ن

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی درا بۆ ئەوە له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی بكه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستی ئه‌و پارێزگایه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌نه‌خۆشخانه‌كان و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كان کۆببێتەوە، بۆ له‌نزیكه‌ ئاگاداربون له‌ كاره‌كان و یاداشتكردنی كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

باس لەوەشکراوە، لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌كه‌ن بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربون له‌ ڕه‌وشی كۆگای ده‌رمانی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ بۆ دڵنیابون له‌ هه‌بونی مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌كان.

لە راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا هاتوە، هەر ئەمڕۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی لە نێوان هه‌ردو لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی كاروباری یاسایی ئه‌نجامدرا، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێشنیازى یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش كه‌ له‌دانیشتنه‌كانی ڕابردوی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و ئاڕاسته‌ی هه‌ردو لیژنه‌ی ناوبراو كراوه‌، به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی هاوبه‌ش له‌باره‌یه‌وه‌.

ئەوەش خراوەتەڕو، دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی هه‌ردو لیژنه‌ بڕیاردرا له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌م پێشنیازى یاسایه‌ ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و وه‌رگرتنی ڕاوبۆچونیان و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لیژنه‌ی ته‌ندروستی و لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجام ده‌درێت و ڕاپۆرتی كۆتایی ئاماده‌ ده‌كرێت و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی ده‌كرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP