بەپەلە

"خوێندکار ھەیە بە نھێنی بڕوانامەکەی پەسەندکراوە"
دەرچوانی زانکۆکانی ناوچە کوردستانیەکان داوای پەسەندکردنی بڕوانامەکانیان دەکەن

- 11/18/2019 12:23:00 PM 1697 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شەوکەت قادر

نوێنەری دەرچوانی زانکۆکانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیری خوێندنی باڵا دەکەن، بڕوانامەکانیان پەسەند بکەن، دەشڵێن، بەڵگەیان لەلایەن "خوێندکار ھەیە بە نھێنی بڕوانامەکەی پەسەندکراوە".
 بەزوترین کات بڕوانامەی دەرچونمان پەسەند بکرێت، ئەگەرنا ھەڵوێستمان دەبێت

 

ئەمڕۆ دوشەممە ژمارەیەک لە دەرچوانی زانکۆکانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر گردبونەوە، لە یاداشتێکدا داوایان لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیری خوێندنی باڵا کرد، بەزوترین کات بڕوانامەی دەرچونیان پەسەند بکرێت، ئەگەرنا ھەڵوێستیان دەبێت.
چەندین ساڵە بە بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بێ بەشکراوین لە ھەژمارکردنی بڕوانامەکانمان

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەوان بە نوێنەرایەتی نزیکەی پێنج هەزار دەرچوی زانکۆکانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کە پێکهاتون لە زانکۆکانی (نور، کتاب، حدبا، قلم، امام ئەعزەم) چەندین ساڵە بە بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندکارانی ئەو زانکۆیانە بێ بەشکراون لە ھەژمارکردنی بڕوانامەکانیان.
بڕیاری ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ ئەو زانکۆیانە، کە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە

 

لەیاداشتەکەی ئەو خوێندکارانەدا هاتوە، بڕیاری ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ ئەو زانکۆیانە، کە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی خوێندنی  باڵا ئامادە نەبوە کار بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی شورا بکات.
لەم کابینە نوێیەی حکومەتدا بانگەشەی جێبەجێکردنی یاسا و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەکرێت

 

باسیان لەوەشکردوە، "لەم کابینە نوێیەی حکومەتدا بانگەشەی جێبەجێکردنی یاسا و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەکرێت، بەڵام بەداخەوە دەبینین خوێندکار ھەیە لە ناو ئەو ھەزاران خوێندکارانە بە نھێنی بڕوانامەی بۆ بەستراوە و ئەو نوسراوە نھێنیانەمان بە بەڵگە لایە".

نوێنەرانی خوێندکارانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەشڵێن، "ناکرێت حکومەتێک باسی یەکسانی لە نێوان ھاوڵاتیان بکات، بەڵام جیاوازی بکات، ئەم جیاوازیە ئاشکرایە ناکرێت قبوڵ بکرێت، ئێمە داوای نەمانی جیاوازی و جێبەجێکردنی یاسا دەکەین لە کوردستاندا".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP