بەپەلە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای دایەوە

- 11/17/2019 11:26:00 PM 16513 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای دایەوە و رایگەیاند،"پەیامەكەی نە دڵسۆزانەیە، نە نیازپاكانەیە".

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەڵامی مایك پۆمپۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكای دایەوە و رایگەیاند،"ئەمریكا پشتیوانی لە كۆمەڵێك ئاژاوەگێڕ دەكات".

موسەوی وتیشی،"لێدوانەكانی ئەمریكا سەبارەت بە هاوسۆزی بۆ گەلی ئێران دوروییە، ئەوانەی لەئێستادا ئەمریكا هاوسۆزیان بۆ دەردەبڕێت لەژێر سزا ئابوریەكانی ئەمریكادان".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، پەیامەكەی ئەمریكا "نە دڵسۆزانەیە، نە نیازپاكانەیە".

ئەمشەو مۆرگان ئۆرتەیگس، وتەبێژی بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند،"پاڵپشتی لە خەڵكی ئێران دەكەین، كاتێك داوای شەفافیەت و خزمەتگوزاری لە حكومەتەكەیان دەكەن"

مۆرگان ئۆرتەیگس وتیشی،"ئەو ملیاران دۆلارەی ئێران لەدوای رێكەوتنی ئەتۆمی دەستیكەوت لە دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە بەكارینەهێنا، بەڵكو بۆ پاڵپشتیكردنی گروپە تیرۆرستیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاریهێنا"

ماوەی دو رۆژە، بەهۆی زیادكردنی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە بەشێكی زۆر لە شارەكانی ئێران و  ناوچە کوردییەکانیش بەردەوامە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزین دەکەنەوە و دەڵێن لەبەرژەوەندی وڵاتەکەیاندایە، خۆپیشاندەرانیش هانی زیاتری خەڵک دەدەن بۆ هاتنە دەرەوەو و نیشاندانی ناڕەزایەتی لەو دۆخەی بەسەریاندا سەپێنراوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP