بەپەلە

حەیدەر عەبادی داوای لەسەركارلابردنی عادل عەبدولمەهدی دەكات

- 11/17/2019 11:03:00 PM 5590 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشوتری عێراق شانزە خاڵ بۆ دەربازبونی عێراق لەو قەیرانەی تێیكەوتوە دەخاتەرو تیایدا داوای لەسەركارلابردنی عادل عەبدولمەهدی دەكات.

حەیدر عەبادی راگەیاند،"بەگوێرەی مادەی 61ی دەستور ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت متمانە لە حكومەت بستەنێتەوە بە پێشكەشكردنی داواكارییەك بۆ سەرۆكایەتی كۆمارو لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی سەرۆكایەتی حكومەتێكی كاتی دروستدەكرێت كە لەچەند وەزارەتێكی سنوردارو كەسایەتی بێلایەن و سەربەخۆ پێكبێت و كەسێكی بێلایەنیش بۆ سەرۆكایەتی حكومەتەكە پێشنیار بكرێت و هیچ كەسێك لەوانەش خۆیان لە هەڵبژاردنی داهاتو كاندید ناكەن".

سەرۆكوەزیرانی پێشوتری عێراق دەڵێت،"حكومەتە كاتیەكە، ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات كە ماوەكەی لە 2020 تێپەڕناكات و دەركردنی یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن و كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكان بە چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد".

ئاماژەی بەوەشكردوە،"چاكسازییەكی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی دادوەری و دادپەروەری و رێگریكردن لە گەندەڵی و پێكهێنانی دادگای تاوانەكان كە بێلایەن بێت بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵی و هەموان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ببینێت و پشت بە شارەزایانی نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان ببەستێت بۆ هاوكاریكردنی عێراق، سەرجەم گەندەڵكاران بە دادگا بگەیەنێت لە ماوەیەك لە 2020 تێپەڕنەكات".

باسی لەوەشكردوە،"هەڵپەساردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی ئێستا، حكومەتە خۆجێییەكانی ئێستا وەكو حكومەتی كاربەڕێكەر تەماشابكرێن تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە پارێزگاكان".

بەگوێرەی نەخشەرێگاكەی عەبادی،"حكومەتە كاتیكە دەبێت كارەكانی نیشتیمانی بێت و لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت و پاراستنی سەروەری دەوڵەت بگرێتە ئەستۆ. حكومەتی كاتی دەبێت رێگە نەدات سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان دەستوەربدەنە كارەكانی دەوڵەت".

عەبادی رایگەیاندوە،"حكومەتی نوێی هەڵبژێردراو دەبێت پابەندبێت بە رێكاری رون و دادپەروەرانە لە یەكخستنەوەی گەل و پابەندبون بە دەوڵەتێكی سەروەر لەگەڵ هەرێم و پارێزگاكان و پێگە سنوریەكان و باج و گومرگ. دەبێت حزب و لایەنە سیاسییەكان پابەندبن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاك و بێگەردو دادپەروەرو سەربەست و حكومەتێكی نیشتیمانی و ئەو كوتلە پەرلەمانیەی زۆرینە دەهێنێت".

بەبڕوای عەبادی،"ئەو حكومەتەی پێكدێت لەگەڵ هەمو هێزەكان دەبێت پابەندی دەستور یاساو سەروەری نیشتیمان بن و بەڵێنی رەتكردنەوەی جەنگ و توندوتیژی بدەن. دەبێت هەمو هێزە سیاسیەكان پابەندی دامەزراوەكانی دەوڵەت بن، لە سیستمی بودجە و دەستپاكی و پلەبەندی فەرمانبەران".

راشیگەیاندوە،"حكومەتی داهاتو پابەند دەبێت بە نوێكردنەوەی دامەزراوە ئیداریی و داراییەكان و بەئەلكترۆنیكردنی سەرجەم دامەزراوەكانی حكومەت و پابەندبون بە رێككارە نێودەوڵەتیەكان".

هەر لە نەخشە رێگاكەدا ئەوەشخراوەتەرو،"دەبێت حكومەتی داهاتو پابەندبێت بە پەرەپێدانی گەنجان و ژنان لە كەرتە سیاسی و پەروەردەی و ئابوری و گرنتیكردنی مافەكانی ژنان و منداڵان. دەبێت حكومەتی داهاتو پابەندبێت بە بەكارهێنانی ئەو پرۆگرام و سیاسەتانەی لە پەیڕەوی پەروەردەو فێركردندا هەن".

لەكۆتایدا رایگەیاندوە،"هەمو هێزە سیاسیەكان و حكومەتەكان پابەندی پارێزگاری هەمو كەمینەكانی عێراق بن بە هەمو چین و توێژە جیاوازە دینی و تائیفیەكان و پاراستنی مافەكانیان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP