وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پەیامێكی لەسەر خۆپیشاندانەكانی ئێران بڵاوكردەوە

- 11/17/2019 10:53:00 PM 7954 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پاڵپشتی خۆی بۆ خەڵكی ئێران راگەیاندو دەشڵێت،"ئەو ملیاران دۆلاری ئێران بۆ پاڵپشتیكردنی گروپە تیرۆرستیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاریهێنا"

مۆرگان ئۆرتەیگس، وتەبێژی بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند،"پاڵپشتی لە خەڵكی ئێران دەكەین، كاتێك داوای شەفافیەت و خزمەتگوزاری لە حكومەتەكەیان دەكەن"

 

مۆرگان ئۆرتەیگس وتیشی،"ئەو ملیاران دۆلارەی ئێران لەدوای رێكەوتنی ئەتۆمی دەستیكەوت لە دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە بەكارینەهێنا، بەڵكو بۆ پاڵپشتیكردنی گروپە تیرۆرستیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاریهێنا"

ماوەی دو رۆژە، بەهۆی زیادكردنی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە بەشێكی زۆر لە شارەكانی ئێران و  ناوچە کوردییەکانیش بەردەوامە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزین دەکەنەوە و دەڵێن لەبەرژەوەندی وڵاتەکەیاندایە، خۆپیشاندەرانیش هانی زیاتری خەڵک دەدەن بۆ هاتنە دەرەوەو و نیشاندانی ناڕەزایەتی لەو دۆخەی بەسەریاندا سەپێنراوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP