لە پارێزگای هەڵەبجە دابەشكردنی نەوت بەسەرماڵاندا دەستی پێكرد

- 11/17/2019 10:20:00 PM 2815 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای گەشتنی نەوتەكەی بەغداد، ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە دابەشكردنی نەوت بەسەرماڵاندا دەستی پێكرد.

نوخشە ناسح، قائیمقامی ناوەندی هەڵەبجە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە،"ئەمڕۆ یەک شەممە 2019 /11/17لە پارێزگای هەڵەبجە دەستکرا بە دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا".

بەگوێرەی زانیاری ئەو هاوڵاتیانەی ئەمڕۆ نەوتیان وەرگرتوە، بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 46 هەزار دیناریان لێوەرگیراوە و نەوتەكەش لەرێگەی كارتی زیرەكەوە بەسەریاندا دابەشكراوە.

پێشتر غالب محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا، ئاماژەی بە لێدوانێكی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەدات، كە رایگەیاندبو، لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بڕیاریانداوە بڕی 5 هەزار دینار لە نرخی بەرمیلێك نەوت كەمبكەنەوە، كە بەسەر ماڵاندا دابەشیدەكەن. لەوبارەیەوە پەرلەمانتارەكە دەڵێت "پارێزگاری هەولێر پیاوەتی بە ئاوی حەمامەوە دەكات، چونكە ئەو نەوتەی لەلایەن حكومەتی عیراقە بۆ ماڵان دابینكراوە، نرخی 216 لتر نەوتی سپی دەكاتە 31 هەزار دینار، كە حكومەتی عیراق وەك پاڵپشتی ناردویەتی بۆ پارێزگاكانی هەرێم".

دەشڵێت "لە هەرێم ئەو نەوتەی دەنێردرێت بۆ هاووڵاتیان، تێكەڵ بە نەوتی كوالیتی خراپ دەكرێت و بەنرخێكی گرانتر دەیدەن بە هاووڵاتیان".

هەروەها غالب محەمەد پەرلەمانتاری عیراق داوا لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم دەكات نەوت بە نرخەكەی خۆی بدەن بە هاووڵاتیان و لەوڕوەوە دەڵێت "ئەگەر بەو نرخە نەبێت، ناچارمان دەكەن ناوی هەر پێنج كۆمپانیاكە و چوار پارێزگارەكە بە راپۆرتێك بدەین بە دەستپاكیی عیراق بۆئەوەی لێكۆڵێنەوە لەو گەندەڵییە بكەن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP