قوباد تاڵەبانی: چاكسازییەكانمان بەردەوامە

- 11/17/2019 9:56:00 PM 1407 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند،"كار لەسەر پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و كەرتی تایبەت دەكەین بەمەبەستی ھەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داھات و رەخساندنی ھەلی كاری زیاتر".

ئەمڕۆ یەكشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەھەولێر، پێشوازی لەئەریک ستراتینگ باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق وکۆنسوڵی گشتی هۆڵندا لە ھەرێمی كوردستان كرد .

لەكۆبونەوەكەدا، تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و هۆڵەندایان کرد. پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم وپلانی حكومەت بۆ گەشەكردنی كەرتی تایبەت تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە بون.

قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە پلانی حکومەتی هەرێم بۆ هەمەجۆرکردنی داهات و رەخساندنی هەلی کار باسی لە پێویستی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کرد لەبەر رۆشنایی ئەزمونی دەوڵەمەندی هۆڵەندا و لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد حکومەتی هۆڵەندا هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق رودەدات دەرئەنجامی کێشە کەڵەکەبوەکانی چەندین ساڵی رابردوە

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی بەغدا کرا و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق رودەدات دەرئەنجامی کێشە کەڵەکەبوەکانی چەندین ساڵی رابردوە. باسی لەوەشکرد بۆ پێشکەشکردنی حوکمڕانییەکی سەرکەوتو دەبێت گۆڕانکاری لە میکانیزمەکانی سیستمی حکومڕانیدا بکرێت.

ھەروەھا تاوتوێی دۆخی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کرا، لەم چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە هاوکاری نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی شایستە خزمەتی ئاوارەکان بکات.

لەكۆتایی كۆبونەوەكەشدا، بەئاماژەدان بە بەردەوامی چاكسازییەكانی حكومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی ستایشی ھەماھەنگی و رۆڵی حكومەتی ھۆڵەندای كرد كەھاوكاری ھەرێمی كوردستانی كردوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP