لە دو روداوی هاتوچۆدا 10 كەس بونە قوربانی

- 11/17/2019 9:38:00 PM 5687 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمشەو لە دو روداوی هاتوچۆی جیاوازدا لە سنوری قەزای بەردەرەش چوار كەس گیانیان لەدەستدا و شەش كەسی دیكەش برینداربون

ئازاد تەها، وتەبێژی هاتوچۆی دهۆك رایگەیاند،"ئەمشەو لە سنوری ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەرەش دو روداوی هاتوچۆ رویدا، روداوی یەكەم لەسەر رێگەی ناحیەی روڤیا بۆ گوندی جەمە رویداوە و بەو هۆیەوە كەسێك گیانی لەدەستداو سێ كەسی دیكەش برینداربون.

وتەبێژی هاتوچۆی دهۆك وتیشی،"روداوی دوەم ەسەر رێگەی سەرەكی ناحیەی روڤیا رویداوە و بەو هۆیەوە سێ كەس گیانیان لەدەستدا و سێ كەسی دیكەش برینداربون.
سێ لەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە ئەندامی یەك خێزانن

 

بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان، سێ لەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە ئەندامی یەك خێزانن و خۆیان دانیشتوی ناوچەی ئاكرێ بون لە پارێزگای دهۆك.

ئەمە لەكاتێكدایەئەمڕۆ لیوا عه‌بدولقادر عه‌زیز، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "لە ساڵی 2018دا بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە 655 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان و چوار ھەزار و 844 حاڵەتی بریندار تۆماركراون، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2019ەشەوە تاوه‌كو 30/9/2019، بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە 427 كه‌س  گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 5002 کەسیش برینداربون.

وتیشی، له‌ ماوه‌ی ساڵێك و نۆ مانگدا 10 هه‌زار و 928 كه‌س بونه‌ته‌ قوربانی روداوه‌كانی هاتوچۆ، هۆكاری یه‌كه‌می ئه‌و روداوانه‌ش به‌ پله‌ی یه‌كەم شۆفێركانن به‌هۆی خێرا لێخوڕین و پابه‌ندنه‌بون به‌ رێنمایه‌كانی هاتوچۆ، رێگاوبانه‌كانیش ستاندارد نین ، به‌هۆی قه‌یرانی دارایی دارییه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ بەشێكیان نۆژه‌ن یبكه‌ینه‌وه‌ .



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP