بەپەلە

شیراز؛ پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنیەكان و خۆپیشاندەران رویداو ئاگر لە دو بانكی شارەكە بەردرا

- 11/17/2019 8:46:00 PM 6636 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

خۆپیشاندان لە شاری شیراز كە بە دڵی ئێران ناسراوە بەردەوامی هەیە بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەكان پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان رویداو خۆپیشاندەرانیش ئاگریان لە دو بانكی شارەكە بەردا.

بەگوێرەی میدیای فەرمی ئێران، ئەمشەو پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنیەكانی ئێران و خۆپیشاندەران لە شاری شیرازی ئێران رویداوە و هێزە ئەمنیەكان هەوڵیانداوە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن.

هەر بەگوێرەی میدیاكان، هەر دو بانكی "ئەنسار"و "میلەت" لە شاری شیراز لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ئاگریان تێبەردراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران رایگەیاند،" خۆپێشاندان مافی گەلە، بەڵام پێویستە خۆپێشاندان جیابکرێتەوە لەکاری تێکدەرانە".

رۆحانی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران و بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین رایگەیاند، پێویستە قەرەبوی ماددی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی دو رۆژی رابردوی ئێرانەوە زیانیان پێکەوتوە. هۆشداریشی دایە گەلی ئێران کە نابێت تێکدانی باری ئارامی ئێران رێگەی پێبدرێت.

رۆحانی رونیشیکردەوە، ئەگەر نرخی بەنزینیان بەرزنەکردایەتەوە، دەبو لەماوەی دو ساڵی ئایندەدا هاوردەیان بکردایە، ئەوەش زیانی بەئابوری وڵاتەکەیان دەگەیاند.

ئەم وتانەی رۆحانی لەکاتێکدایە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە لەماوەی دو رۆژی رابردوی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، زیاتر لە100 بانک و دوکان تاڵانکراون و سەرلەئێوارەی ئەمڕۆش ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە خۆپیشاندەران بانکی مەسکەنیان لەشەهریار سوتاندوە.

تائێستا خۆپیشاندان لەزۆربەی شارەکانی ئێران و ناوچە کوردییەکانیش بەردەوامە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزین دەکەنەوە و دەڵێن لەبەرژەوەندی وڵاتەکەیاندایە، خۆپیشاندەرانیش هانی زیاتری خەڵک دەدەن بۆ هاتنە دەرەوەو و نیشاندانی ناڕەزایەتی لەو دۆخەی بەسەریاندا سەپێنراوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP