بەپەلە

دو موشەك ئاراستەی ناوچەی سەوز و ناوەڕاستی بەغدا كران

- 11/17/2019 8:23:00 PM 4971 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئاژانسە هەواڵییەكانی عێراق رایانگەیاند، دو موشەك ئاڕاستەی ناوچەی سەوز و ناوەڕاستی شاری بەغدا كراون بەڵام كوژراوی لێنەكەوتوەتەوە.

ئاژانسە هەواڵیەكانی عێراق، ئەمشەو یەكشەممە رایانگەیاند، دو موشەك ناوەندی شاری بەغدا و ناوچەی سەوزی لەو شارە كردوەتە ئامانج، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەو روداوە هێزە ئەمنیەكانیش چونەتە هەردو شوێنەكە.

سەرچاوە ئەمنیەكانی عیراق لەوبارەیەوە ئاماژەیان بەوەكردوە، "موشەكێك ئاڕاستەی ئاوی دیجلە كراوە و موشەكەكەی دیكە لەنزیك یاریگایەكی بەرامبەر ناوچەی سەوز تەقیوەتەوە، بە مەبەستی لێۆكڵینەوە لە روداوەكە، هێزە ئەمنییەكان چونەتە هەردو ناوچەكە و تا ئێستاش لێكۆڵینەوە بەردوامی هەیە".

بە گوێرەی هێزە ئەمنییەكان كە بۆ ئاژانسە هەواڵیە جیهانیەكان لێدوانیان داوە، بە ئامانجگرتنی شاری بەغدا بەو دو موشەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبوە، هاوكات هیچ باڵەخانەیەكی ناوچەكە و بە تایبەتی ناوچەی سەوز كە ناوەندە حكومیەكان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی لەخۆدەگرێت، زیانیان بەرنەكەوتوە.

ئاڕاستەكردنی ئەو موشەكانە لەكاتێكدایە، بۆ دو مانگ دەچێت هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشوری عێراق خۆپیشاندانی بەرفراوان دژ بە گەندەڵی و بێكاری و دۆخی سیاسی و نادادپەروەری ئەنجامدەدەن، ئێستاش داواكاریەكانیان بۆ گۆڕینی تەواوەتی حكومەتی وڵاتە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP