بەپەلە

عەدنان پاچەچی یەكێك لە سەركردە سیاسییەكانی عێراق كۆچی دوایی كرد

- 11/17/2019 8:20:00 PM 3085 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ یەكشەممە، عەدنان پاچەچی یەكێك لە سه‌ركرده‌ سیاسییەكانی عێراق كۆچی دوایی كرد.

بەگوێرەی بەشێك لە میدیا عێراقییەكان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە شاری ئەبوزەبی ئیمارات، عەدنان پاچەچی یەكێك لە سه‌ركرده‌ سیاسییەكانی عێراق لە تەمەنی 96 ساڵیدا كۆچی دوایی كردوە.

هەر بەگوێرەی میدیاكان، بڕیارە تەرمی ئەو سەركردەیەی پێشوتری عێراق هەر لە ئەبوزەبی بەخاك بسپێردرێت و نەگەڕێنرێتەوە عێراق.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ سبه‌ینێ‌ دووشه‌ممه‌ ته‌رمی‌ عه‌دنان پاچه‌چی‌ له‌ ئه‌بوزه‌بی‌ به‌خاك ده‌سپێردرێت.

پاچەچی یەكێكە لە سەركردە كۆنەكانی عێراق و لە سەردەمی حوكمی عەبدولكەریم قاسمدا لە نەتەوە یەكگرتوەكان باڵیۆزی عێراق بوە، هەروەها لە سەردەمی حوكمی عەبدولسەلام عارف، وەزیری دەرەوەی عێراق بوە. لە دوای ساڵی 2003 و روخانی سەدام و پێكهێنانی ئەنجومەنی حوكم لە عێراق،  لە مانگی كانونی دوەمی 2004 بۆ خولێك سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەی وەرگرتوە. هەروەها لە یەكەمین خولی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئەوەی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولەكەی بوە كراوەتە سەرۆكی كاتی پەرلەمان.

عەدنان پاچەچی لە 14ی ئایاری 1923 لە بەغدا لەدایكبوە، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لە زانكۆی ئەمریكی خوێندنی تەواوكردوە، دواتر بڕوانامەی ماستەری لە كۆلێجی ڤیكتۆریای بریتانی لە قاهیرە خوێندوە. ئەمڕۆش لە تەمەنی 96ساڵیدا لە دەرەوەی وڵاتەكەی كۆچی دوایی كرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP