بریتانیا راپۆرتێک دەربارەی دەست تێوەردانەکانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتودا بڵاودەکاتەوە

- 11/17/2019 5:36:00 PM 2223 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -  
   
وەزیری ئاسایشی بریتانیا رایگەیاند، حکومەتی بریتانیا راپۆرتێک دەربارەی دەست تێوەردانەکانی روسیا لەهەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوی وڵاتەکەیدا بڵاودەکاتەوە، کە بڕیارە 12ی دیسەمبەری ئەمساڵ ئەنجامبدرێت.
       
ئەمڕۆ یەکشەممە براندۆن لویس، وەزیری ئاسایشی بریتانیا رایگەیاند، حکومەتی بریتانیا راپۆرتێک دەربارەی دەست تێوەردانەکانی روسیا لەهەڵبژاردنەکانی 12ی دیسەمبەری وڵاتەکەیان بڵاودەکاتەوە.

پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن، حکومەتی بریتانیای تۆمەتبارکرد بەوەی، وادەی بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتانە دوادەخات کە لەلایەن لیژنەی هەواڵگری دەزگا ئەمنیەکانی ئەو وڵاتەوە لێکۆڵینەوەیان لەبارەی دەستێوەردانەکانی روسیا لەهەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتودا کردەوە.

پارتی کرێکارانی بریتانیا هۆکاری دواخستنی بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە هەندێک زانیاری شەرمەزارکەری دەربارەی بۆریس جۆنسن، سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بریتانیا و پارتەکەشی تێدایە.

کەناڵی سکای نیوز لەزاری لویسەوە رایانگەیاند"ناکرێت لەئێستادا ئەو راپۆرتانە بڵاوبکەینەوە، لەماوەی پێش هەڵبژاردنەکاندا، بەهۆی بونی چەند یاسایەک کە سنور بۆ راگەیەنراوەکانی حکومەت دادەنێن لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا".

ئاماژەی بەوەشکرد"ئێمە ئەمانەوێت ئەو زانیاریانە بەتەواوەتی پشتڕاست بکەینەوە، ئەو پرۆسەیە بە باشی بەڕێوە ببەین لەپاش هەڵبژاردنەکانیش بڵاویدەکەینەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP