ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی ئێران دەستی لەكاركێشایەوە

- 11/17/2019 5:05:00 PM 3126 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كەمێك پێش ئێستا، محەمەد قەسیم عوسمانی، ئەندامی كورد لە پەرلەمانی ئێران دەستی لەكاركێشایەوە و رایگەیاند،" كاتێك سەرۆكی پەرلەمان بێراوێژی پەرلەمانتاران بڕیار دەدات بونی ئێمە هیچ گرنگییەكی نییە".

حەمەد قەسیم عوسمانی، ئەندامی كورد لە پەرلەمانی ئێران لەسەر شاری بۆكان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پەرلەمانی وڵاتەكەی راگەیاند.

سەربارەت بە هۆكاری ئەو بڕیارەی، ئەو پەرلەمانتارە كوردە وتی،"كاتێك سەرۆكی پەرلەمان بێراوێژی پەرلەمانتاران كە نوێنەری خەڵكن  بڕیار لەسەر گرانبونی نرخی بەنزین دەدات، بونی ئێمە هیچ گرنگییەكی نییە".

لە دواین لێدوانیدا سەبارەت بە ناڕەزاییەکانی چەند رۆژی رابردوی ئێران، عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ترسی خەڵکی لە بەرزبونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بەوەوە هەیە کە نرخی مادە خۆراکییەکانیش بەرزببێتەوە، ئەمڕۆش لە کۆبونەوەی پەرلەماندا ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئامادەی کۆبونەوەیەکی داخراو دەبێت و بیروبۆچونەکان تاوتوێ دەکەن.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەش، وتەبێژی سەرۆکایەتی پەرلەمان رایگەیاند، لەسەر بنەمای لێدوانەکەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، "پێویستە بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین".

رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبو، پێویستە پلانی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، بەرپرسیاریەتی "هەمو کارێکی تێکدەرانە"شی خستە ئەستۆی "نەیارانی شۆڕش و دوژمانان"ه ئێران.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP