هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ناسنامەی ئەنجامدەری تەقینەوەکەی باب ئاشکراکرا

- 11/17/2019 4:11:00 PM 3430 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-            

روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زانیاریان پێگەیشتوە دەربارەی ئەو کەسەی کە تەقینەوەکەی دوێنێی شاری باب، لەباکوری رۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجامدا.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی بڕواپێکراو ئەو کەسەی کە تەقینەوەکەی دوێنێی شاری بابی ئەنجامدا ناوی (ع. ی) دانیشتوی گوندی شاخی سوری سەر بە شارۆچکەی بابە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کەسە پێشتر لە ریزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش کاریکردوە، لەپاش داگیرکردنی مەنبج و باب لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، چوەتە ناو گروپی "حەمزاوات" لەریزەکای گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا.

ئەوەشی راگەیاندوە، ئێوارەی دوێنێ شەممە پۆلیسی سەربازی سوریا لە باب توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیربکەن.

دوێنێ شەممە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم گەراجێکی ئۆتۆمبێلدا لەشاری باب، لەباکوری رۆژهەڵاتی حەلەب تەقییەوە، بەوهۆیەوە 18 کەس کوژران و 43 کەسی دیکەش برینداربون، بەهۆی تەقینەوەکانەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلەکانی ناوچەکە و بیناکان زیانیان پێگەیشتوە.

ئەوەش کاتێکدایە ماوەی مانگێک زیاترە سوپای تورکیا هێرشی سەربازی بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان ئەنجامداوە، بەوهۆیەوە دۆخی ئەمنی شارەکانی رۆژئاڤا جێگرنیە.

شاری باب یەکێکە لەو ناوچانەیە کە لەلایەن سوپای تورکیاو گروپە چەکدارەکانەوە لەساڵی 2016ەوە دەستی بەسەردا گیراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP