هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

هەشتەم نوسینگەی پاسپۆرت لە قەزایەکی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

- 11/17/2019 3:57:00 PM 12170 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قایمقامییەتی سۆران رایگەیاند، رۆژی دوشەممە نوسینگەی بەدەستهێنانی پاسپۆرت لە سۆران دەکرێتەوە و لەمەدوا هاوڵاتیانی سنورەکە لەوێوە مامەڵەکانیان رایی دەکرێت.

قایمقامییەتی سۆران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دوای ته‌واوبونی هه‌مو پێداویستیه‌كان و رێکارە یاساییەکان، سبه‌ینێ دوشه‌ممە نوسینگه‌ی پاسپۆرتی سۆران له‌ مەراسیمێکدا به‌ فه‌رمی ده‌كرێته‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشكردوە، لەو نوسینگەیەدا هاوڵاتیانی هەرچوار قەزای سۆران و مێرگه‌سۆر، ڕواندز و چۆمان مامەڵەی بەدەستهێنانی و نوێکردنەوەی پاسپۆرتیان بۆ رایی دەکرێت.

مانگی ئابی ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە فەرمانێكی وەزیری ناوخۆ سێ‌ نوسینگەی بەدەستهێنانی پاسپۆرت لە قەزاكانی سۆران، ئاكرێ‌ ‌و زاخۆ دەكرێتەوە ‌و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو كارە پێكهاتووە.

بە گوێرەی ئامارێک لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 202 هەزار  داواکاری بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرت لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك تەواوکراون ‌و زۆرترینی ئەو رێژەیەش لە پارێزگای هەولێردا بوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP