هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

تورکیا؛ 25 کەسی نزیک لە ئەبوبەکر بەغدادی دەستگیرکران

- 11/17/2019 11:46:00 AM 1291 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەسەڵاتدارانی تورکیا رایانگەیاند، 25 کەسی نزیک لە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی پێشوی داعشیان لە شارەکانی تورکیا دەستگیرکردوە.

نوسینگەی داواکاری گشتی تورکیا لە شاری ئاکپنەر رایگەیاند، نزیکەکانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی پێشوی داعش لە شارەکانی ئاکپنەر (ناوەندی پارێزگای کیرشەهیر) و سامسونی و ئوردو و شانلی ئورفا دەستگیرکراون.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دادگای پارێزگای کیرشەهیر فەرمانی کردوە چوار لە نزیکەکانی بەغدادی بەتۆمەتی لایەنگیرییان بۆ داعش زیندانی بکرێن و ئەوانی دیکەش بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

بەگوێرە میدیاکانی تورکیا هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سوپا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، هێزە تایبەتەکانی سەر بە وەزارەتی ناخۆ بە دوای کەسە هەڵاتوەکانی داعش لە زیندانەکانی باکوری سوریادا گەڕاون و لە ئەنجامدا خوشک و زاوایەکی بەغدادییان دەستگیرکردوە.

لای خۆیەوە سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیەنداوە، چەکدارێکی داعشیان دەستگیرکردوە، کە چەندین کاری تەقینەوە لە شارەکانی تورکیاو  ئەوروپا ئەنجامداوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، بەبێ ئەوە زانیاری زیاتر لەسەر ناسنامە کەسەکە ئاشکرا بکات.

حکومەتی تورکیا لەناردنەوەی ئەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانەکانیدان بۆ وڵاتەکەنیان بەردەوامە و ئێوارەی دوێنێ لە رێگەی فڕۆکەخانەی فرانکفۆرتەوە دو ئافرەتی نزیک لە داعشی بۆ ئەڵمانیا گەڕاندەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا وڵاتانی ئەمریکا  و ئەوروپا نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی داعشدا بکەن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP