بەپەلە

کچانی گەرمیان ڕو لە هۆڵەکانی کیکبۆکسینگ دەکەن

- 11/16/2019 10:55:00 PM 3877 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - نیگار عومەر

هەروەک چۆن لەم ساڵانەی دوایدا کچان ڕویان لەسەر جەم بوارەکانی  نێوکۆمەڵگە کردوە کە لەپێشوتردا بە کاری پیاوانە دادەنرا، کچانی گەرمیان بۆ یەکەمجار ڕو لە هۆڵەکانی وەرزشی هونەری بەرگریکردن(کیکبۆکسینگ ) دەکەن.

ئەوان پێیان وایە، کچانیش دەتوانن یاری کیکبۆکسینگ بکەن خۆیان بەجیاواز نابین لەگەڵ کوڕان، کچانانی هۆڵی پیشمەرگە لەشاری کەلار جگە لەوەی بەگرنگی دەزانن فێری بەرگریکردن ببن، هاوکات دەشیانەوێت لەداهاتودا بەشداری لە پاڵەوانێتیەکاندا بکەن.

ئەسما عەزیز، بەشداربوی یاری کیکبۆکسینگ، بەخەندان- ی  وت " ڕەنگە کچان ئەم یارییەیان بەلاوە نەگونجاو بێت و بڵێن کیک بۆکس و کچیان نەوتوە ،بەڵام من بەپێچەوانەی ئەوانەوە دەڵێم زۆریش گرنگە ئافرەتان بەگشتی ئەم جۆرە یاریانە بزانن".

ئەسما زۆربونی دیاردەی پەلامار و دزیکردن لە کچان و ژنانی بە یەکێک لە هاندەرە بەهێزەکانی فێربونی کیک بۆکسینگ لەقەڵەمدا و وتی" کۆمەڵگەی خۆشمان بەدەر نیە لە هێرشی دزی کردن و دەست درێژی کردن، بۆیە وەک بەرگری کردنێک لەخود پێویستە کە فێربن و بێنە ناو یاریەکەوە" .

"بێگومان  دەستپێکردنی ئێمە سەرەتا سەخت بو، چونکە وەک دەزانین لەکۆمەڵگەی خۆمان دەست بردن بۆ کۆمەڵێک شت بڤەیە، هەوڵمان داوە ڕاهێنەری ئافرەت هەبێت بۆ ئەوەی  ڕاهێنانمان پێ بکات،  بەڵام کەس ئامادەیی دەرنەبڕیوە" ئەسما لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وای وت.

هەر لەو بارەیەوە سەرکەوت کەریم ڕاهێنەری کیکبۆکسینگ لەهۆڵی وەرزشی پیشمەرگە، بەخەندان- ی ڕاگەیاند،" لە ئیستادا کچان هاتونەتە پێشوە بۆ ئەم یاریە من جگە لەوەی ڕۆژانە  ڕاهێنانیان پێدەکەم،  دڵخۆشیشم کچان ئەم هەنگاوەیان ناوە".

بە وتەی ئەو راهێنەرە، کچان توانا و لێهاتویەکی باشتریان هەیە وەک لەکوڕان و دەڵێت" ئەو جمجۆڵەی لەکچاندا هەیە زۆر بەباشتری دەبینم لەکوڕان، دەستبەرداریان  نابین تاکودەبنە یاریزانی بەتوان او بەشداری لە پاڵەوانێتیەکاندا بکەن".

ئەوەشی ڕونکردەوە،" لەشاری کەلار بۆیەکەم جارە کچان ڕو لەم یاریە دەکەن؛ لەسەرتادا کۆمەڵێک وەرزشی ڕاهێنانی جەستەیان پێ دەکەین تاوەکوجەستەیان ڕابێیت لەگەڵ یاریەکانی کیکبۆکسینگ"

سنور ئەحمەد،  کە بەشداربوەکی دیکەی یاری کیکبۆکسینگە بەخەندان-ی وت، "زۆر گرنگە کچان  لێهاتویی جەستەییان هەبێت و پشت بە توانای خۆی ببەستێت".

سنور هاوشێوەی ئەسما جگە لە هۆکارێک بۆ وەرزشکردن، کیکبۆکسینگی وەک  و هەوڵێک بۆ خۆپارێزی لە گێچەل کردن دەزانێت و دەڵێت" وەک هۆکارێکیش بۆ خۆپراریزی بەکاریدەهێنم".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP