هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

راوێژکاری سەرۆکی ئێران بۆ ڕاگەیاندنەکان: ئیران نە عێراقە و نە لوبنان

- 11/16/2019 7:14:00 PM 11527 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کەمێک بەرلەئێستا،  راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دۆخی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە بۆ ڕاگەیاندنەکان دوا و وتی، ئیران نە عێراقە و نە لوبنان.

وتەکانی راوێژکاری سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران وەک ئاماژەیەکە بۆ دۆخی خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان کە تێیاندا دەسەڵاتی ئەو دو وڵاتە روبەروی شەپۆلێکی بەهێزی خۆپیشاندان بونەوە و بەهۆیەوە سەدان کەس کوژران و برینداربون.

لەئێستادا، بەهۆی بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزین لە 10 هەزار ریاڵ بۆ 15 هەزار ریاڵ، لەزۆربەی شارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەتارانی پایتەختیشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەریانهەڵداوە، رێگا سەرەکییەکانی تاران داخراون، چەند بانقێکی میللی سوتاون، دەیان کەس برینداربون و کوشتنی چوار کەسیش دڵنیاکراوەتەوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران راپۆرتێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە ژمارەیەک لەپۆلیس و خۆپیشاندەر لەسەرجەم شارەکان برینداربون.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران، پۆلیس بەگازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپیشاندەرانی داوەتەوە.

هاوکات، بەپێی هەواڵێکی روسیا تودەی، خۆپیشاندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و سوتەمەنی دەستیانپێکردوە گەشتونەتە تارانی پایتەخت و بەشێکی زۆر لەرێگا سەرەکییەکانی ئەو شارەیان گرتوە.

خۆپیشاندەران لەسەر رێگا سەرەکییەکان ئۆتۆمبێلەکانیان کوژاندۆتەوە و رێگە سەرەکییەکانیان گرتوە. 


نیشانەکردن :

#ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP