بەپەلە

ئەنجومەنی باڵای ئابوری ئێران سەبارەت بە گرانبونی نرخی بەنزین بڕیاریدا

- 11/16/2019 3:09:00 PM 75864 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی باڵای ئابوری ئێران سەبارەت بە گرانبونی نرخی بەنزین بڕیاریدا و داوای لە دەزگاكانی دەوڵەت كرد پلانەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكەن.

هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران دوای کۆبونەوەیان لە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئابوری وڵاتەکەیاندا رایانگەیاند، پێویستە هەماهەنگیان هەبێت و جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی نەوت دەکەنەوە، چونکە ئامانجی بەرنامەکە باشترکردنی دۆخی 60 ملیۆن هاوڵاتی ئێرانە کە داهاتی رۆژانەیان دیاریکراوە.

هاوکات لە کۆبونەوەکەدا جگە لە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەشداربون داوایان لە هەمو دەزگاکان کردوە بۆ سەرکەوتنی بەرنامەکە هاوکاری حکومەت بن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئێرنا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، بەهۆی بڕیاری حکومەتی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ دو بەرامبەر ( هەزار و 500 تمەن بۆ سێ هەزار 500 تمەن)، هاوڵاتیانی چەند شارێکی ئەو وڵاتە ناڕەزاییان دەربڕی و لە هەندێ شاریش روبەروبونەوە لەگەڵ پۆلسیدا رویداوە.

باسی لەوەشکردوە، لە شارەکانی شیراز و بەندەرعەباس و چەند شارێکی دیکە خۆپیشاندانی ناوبەناو بەڕێوەدەچیت و بەشێک لە شۆفێران وەکو ناڕەزاییەکان بۆ گرانبونی بەنزین ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر شەقامەکان راگرتوە، ئەوەش هاتوچۆی لە نێوان شەقامەکانی ئەو شارەی باشوری ئێران پەکخستوە.

هاوڵاتیانی ئێران دەڵێن "رێژەی گشتی داهاتەكانیان 200 دۆلار تێناپەڕێنێت و ناتوانن ئەو بڕە پارە زیادەیەی بەنزین دابین بكەن"، ئەوەش لەپاڵ بەرزبونەوەی نرخەكانی خۆراك كە لە سەرەتای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر وڵاتەكەدا دروستبوە و بەرزبونەوەی نرخەكانیش بەردەوامی هەیە.

لای خۆیەوە بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لە ئێران ساڵانە 31 ترلیۆن تمەن (زیاتر لە 736 ملیۆن دۆلار) داهات بۆ دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە کە لە بەرژوەندی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بەکاردەهێنرێتەوە.

هاوکات رێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بە بەهای 30 ترلیۆن تمەن دەتوانێت پشتیوانی دارایی بۆ 60 ملیۆن هاوڵاتی کەمدەرامەت و هەژاری ئێران دابین بکات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP