ئەو نوسەر و پەنابەرە كوردەی لە گۆشەی زیندان سێ خەڵاتی جیهانی بەدەستهێنا، ئازادكرا

- 11/15/2019 8:24:00 PM 17191 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەو نوسەر و پەنابەرە كوردەی ماوەی شەش ساڵە بەهۆی هەڵهاتنی لە سزای لەسێدارەدانی ئێران، لە دورگەی مانوس-ی ئوسترالیا دەستبەسەركرابو، سەرەنجام ئەمڕۆ هەینی ئازادكرا و گەیشتە شاری نەرویج.

بێهروز بوچانی، كوڕە كوردی رۆهەڵاتی كوردستان كە تا ئێستا سێ جار خەڵاتی باشترین نوسینی بایۆگرافی لەسەر ژیانی خۆی پێبەخشراوە، ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "لە ئێستادا ئازادە و بەرەو شاری كرایسچەرچ لە نیوزلەندا بەڕێدەكەوێت".

بوچانی لە پۆستەكەیدا سوپاسی سەرجەم ئەو كەسانەی كردوە كە پشتیوانیان كردوە و بەردەوام هاوكاری بون، سەبارەت بە رۆشتنی بۆ نیوزلەندا-ش دەڵێت "لە فێستیڤاڵی جیهانی كرایسچەرچ بانگهێشتكراوە و بە مەبەستی بەشداری كردنی لەو فێستیڤاڵە لەوێیە".

سەرگوزشتەكەی تایبەتە بە ژیانی خۆی 

 

ئەو سەرگوزشتەیەی بوچانی كە بەهۆیەوە تا ئێستا سێ خەڵاتی جیهانی وەرگرتوە، تایبەتە بە ژیانی خۆی بە ناوی "تەنها شاخەكان دۆستن" باس لە گەشتەكەی دەكات لە ئیندۆنیزیاوە بۆ ئوسترالیا لەرێگەی بەلەمەوە، دواتریش دێتە سەر باسی دەستگیركردنی و رەوانەكردنی بۆ دورگەی مانوس لە زەریای هێمن.

بوچانی كە لەدەست بڕیاری لەسێدارەدان هەڵهاتوە بۆ ئوسترالیا، تەواوی سەرگوزشتەكەی لەرێگەی یەك نامەی وەتساپەوە نوسیوە و دواتریش لەلایەن ئومێد تۆفیقیان-ی هاوڕێیەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.

پەرتوكەكەی بوچانی بوە پرخوێنەرترین پەرتوك

  

"تەنها شاخەكان دۆستن" لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا خەڵاتی باشترین دەربڕین و نوسینی Victorian premier’s literary awards, ی بە بەهای 125 هەزار دۆلار پێبەخشرا، كتێبەكەی بوچانی بوە پڕخوێنەرترین كتێب و لە ئوسترالیا ناسرا، ئەوە سەرەڕای رێگریكردن لە بێهروز تا لە ئوسترالیا خەڵاتەكەی وەربگرێت.

دواتریش بە بڕی 10 هەزار دۆلار خەڵاتێكی دیكەی جیهانی وەرگرت لە بواری چیرۆكی راستەقینەدا و لە ئێستاشدا براوەی خەڵاتی بایۆگرافی نێودەوڵەتیە كە بڕەكەی 25 هەزار دۆلارە و پێگەی (چیرۆكی ئوسترالیا)ش رایگەیاندوە، "بەهۆی ئەوەی حكومەتی ئوسترالیا رێگەنادات راستەوخۆ خەڵاتەكە وەربگرێت، لە رێگەی وەتساپەوە خەڵاتەكە نێردراوە بۆ بوچانی".

 شەش ساڵ لەمەوبەر و ساڵی 2013، بوچانی لە بڕیاری لەسێدارەدان هەڵهات و لە ئێرانەوە بە قاچاخ بەرەو ئوسترالیا بەڕێكەوت، بەڵام لە لایەن هێزەكانی سەرسنوری ئوسترالیاوە دەستبەسەركرا و دروخرایەوە بۆ دورگەی مانوس لە ناوەڕاستی زەریای هێمن.

پاش دەستگیركردنی، لە گۆشەی زینداندا ئەو گەنجە كوردە پەرتوكێكی بایۆگرافی لە یەك نامەی وەتساپدا نوسیەوە كە سەرگوزشتەی ژیانی خۆی بو و ئەو پەرتوكە بوە پڕفرۆشترین یەكێك لە پەرتوكە بەناوبانگەكانی ئوسترالیا و جیهان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP