چلەی ماتەمینی پرۆفیسۆر د.عزەدین مستەفا رەسول بەڕێوەچو

- 11/15/2019 7:11:00 PM 2729 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی مەراسیمێكی شایستە بۆ چلەی ماتەمینی نوسەرى گەورەى كورد پرۆفیسۆر د.عزەدین مستەفا رەسول رێكخرا.

مەراسیمەكە بە ئامادەبونى سەدان كەسایەتى دیارى كورد و بەرپرسانى حزبى و حكومى هەرێمى كوردستان بەڕێوەچو، تیایدا چەند وتارێك پێشكەشكران و باسیان لە گەورەیی كەسێتى ئەو نوسەرەى گەورە كورد كرد. تەنانەت هەندێك لە كەسایەتییە ئەدەبى و رۆشنبیرییەكان بە هۆى گەورەییەكەیەوە د. عزەدین مستەفا رەسولیان بە یاقوتى ئەدەبى كوردی ناو بردوە.


پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسول، لەساڵی 2009 خەڵاتی بلەی بۆ کەسایەتیی ساڵ لە بواری ئەدەبدا وەرگرتوە. 

رێكەوتی 3ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، پرۆفیسۆر د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە تەمەنی 85 ساڵیدا دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

پرۆفیسۆر د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ، لە ساڵی 1951 لە خانەی مامۆستایانی بەغدا وەرگیراوە و دواتر لە سۆڤیەتی پێشو بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستهێناوە، لە ساڵی 1966یش بوەتە مامۆستای زانكۆی بەغدا. 

لە ساڵی 1992 لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوە بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نوسەرانی كورد. 

عیزەدین مستەفا رەسوڵ خاوەنى 91 بەرهەمە لە بوارەكانى مێژویی و ئەدەبى و لێكۆڵینەوە و سیاسى و بەرهەمەكانى بۆ زمانە بیانییەكان وەرگێڕدراون و شارەزایی باشی لە زمانەكانی كوردی بە هەمو دیالێكتەكان و عەرەبی و فارسی و روسی هەبوە.
 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP