عێراق؛ ژمارەیەك خۆپیشاندەر ئازادكران و 66 ئەفسەریش رەوانەی دادگا دەكرێن

- 11/15/2019 7:03:00 PM 959 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەدان خۆپیشاندەر كە لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا دەستبەسەركراون، لە لایەن هێزە ئەمنیەكانەوە ئازادكران و 66 ئەفسەریش دەدرێنە دادگا.

هەزار و 650 خۆپیشاندەر ئازادكراون

سەعد حەدیسی،وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمرۆ هەینی رایگەیاند، "هەزار و 650 خۆپیشاندەر ئازادكراون، كە لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا لە لابەن هێزە ئەمنیەكانی عێراقەوە دەستگیركرابون، هاوكات بە مەبەستی لێپێچینەوە، 66 ئەفسەری هێزەكانی عێراق رەوانەی دادگا دەكرێن".

ئاماژەی بەوەشكرد، چەند گروپێكی چەتە دۆخی ئێستای عێراق بە هەل دەبینن تا كاری تێكدەرانە و رفاندن ئەنجامبدەن و لە ئێستادا هێزە ئەمنیەكانی وڵات پابەندن بە چاودێریكردنی ئەو حاڵەتانەی رفاندن كە لە عێراق رودەدەن، پێشێلكارانی مافەكانی مرۆڤیش لەژێر چاودێری ورد دەبن.

سەبارەت بە یاساكانی هەڵبژاردن حەدیسی وتی "گۆڕانكاریەكی بنچینەیی لە یاسا نوێیەكانی هەڵبژاردندا دەبێت".

پێشتریش حەدیسی رایگەیاندبو "لە ئێستادا كار لەسەرئەنجامدانی چاكسازی لە وەزارەتە گەورەكاندا دەكرێت لە پێكهاتە وەزاریە خزمەتگوزاری و داراییەكان، كە نابێت وەزیرە نوێیەكان سەر بە هیچ پارت و حزبێكی سیاسی بن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP