بەپەلە

خۆپیشاندەرانی لوبنان بەر لە دەستبەکاربونی سەرۆکوەزیرانی نوێ داوای وازهێنانی دەکەن

- 11/15/2019 5:53:00 PM 2156 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەستنیشانکردنی محەمەد سەفەدی، وەزیری دارایی پێشوی لوبنان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، خواستی خۆپیشاندەران پڕ ناکاتەوە، بەرلە دەستبەکاربونی داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن.

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکانی لوبنان، دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە  14/1، خۆپیشاندەرانی لوبنان توڕەی و نارەزایی خۆیان دەڕبڕیوە لەبڕیاری دەستنیشانکردنی سەفەدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری سەعد حەریری.

رێکەوتی 29 ی مانگی، دوای دو هەفتە لە خۆپیشاندانە فراوانەكانی لوبنان، سەعد حەریری، سەرۆكوەزیران دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی میشێل عەون سەرۆك كۆمار كرد و لە تویتێكدا رایگەیاند،"ئێستا دەستلەكاركێشانەوەكەم لەناو دەستی سەرۆككۆماردایە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئێستا كەرامەت و شكۆ و ئاسایشی وڵاتەكەمە، هیچ شتێك لە وڵاتەكەم گەورەتر نییە".

ماوەی زیاتر لە دو مانگە، خۆپیشاندانی بەرفروان لە شارو شارۆچکەکانی لوبنان بەردەوامی هەیە، سەرەتای نارەزاییەکان بەهۆی زیادکردنی باج بو لەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردنی کارپێکار لەڕێگەی هێڵی ئینتەرنێت، هەرچەندە دوای دو رۆژ لە خۆپیشاندانەکان، حکومەت وەڵامی خۆپیشاندانەکانی دایە و باجەکە لابرا، بەڵام خۆپیشاندانەکان بەردەوامیان هەبو، بە کەمکردنەوەی موچەی مانگانەی پلە باڵاکان و لەکارلابردنی زۆرێک لە کاربەدەستەکان، هێشتا گروتینی خۆپیشاندەران دانەمرکاوەتەوە، لە ئێستادا دروشم و داخوازی سەرەکی خۆپیشاندەران لابردنی سەرجەم  کەسانی حزبی و لایەنگرانیانە  لە پۆستە باڵاکانی حکومەت و جێگرتنەوەیانە بەکەسانی تەکنۆکرات.   


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP