هەواڵی ئەمڕۆ

رۆحانی وەڵامی خۆپیشاندەرانی ئێران دەداتەوە
لەپێناو بەرژەوەندی گەل نرخی بەنزینمان بەرزكردوەتەوە

- 11/15/2019 5:25:00 PM 9399 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە وەڵامی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی ئێران سەبارەت بە گرانبونی نرخی بەنزین، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە دەڵێت ئەو كارەمان لەپێناو بەرژەوەندی گەل و چینە هەژارەكان ئەنجامداوە.

پاش ئەوەی ئەمرۆ هەینی نرخی یەك لیتر بەنزین لە شوێنە جیاوازەكانی ئێران بۆ سێ هەزار تمەنی ئێرانی بەرزبوەوە، گەلی ئێران بە ریزی دورودرێژی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەكان خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری وڵاتیش وەڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە. 

حكومەت رێگری لە بڕیارێك كردوە بۆ زیادكردنی نرخی یەك لیتر بەنزین بۆ نزیكەی پێنج هەزار تمەن

ماڵپەری فەرمی سەرۆكایەتی ئێران لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە و رایگەیاند "حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لەمیانی كۆبونەوەیەكی حكومیدا كە ئەمڕۆ هەینی ئەنجامدراوە دوپاتیكردوەتەوە، حكومەت نیازی نەبوە نرخی بەنزین زیادبكات و رێگری لە بڕیارێك كردوە بۆ زیادكردنی نرخی یەك لیتر بەنزین بۆ نزیكەی پێنج هەزار تمەنی ئێرانی".

ئەو پارە زیادەیەی كە لە نرخی بەنزین وەردەگیرێت دابەشدەكرێت بەسەر چینە هەژارەكاندا

ئاماژەی بەوەشكردوە "ماوەیەكی زۆرە حكومەت ویستویەتی هاوكاری هەژاران بكات، بەڵام بەهۆی كورتهێنانی بودجە و ئاستی دارایی نەیتوانیوە ئەو كارە ئەنجامبدات، ئێستاش ئەو پارە زیادەیەی كە لە نرخی بەنزین وەردەگیرێت دابەشدەكرێت بەسەر چینە هەژارەكاندا".

هاوڵاتیانی ئێران دەڵێن "رێژەی گشتی داهاتەكانیان 200 دۆلار تێناپەڕێنێت و ناتوانن ئەو بڕە پارە زیادەیەی بەنزین تەرخان بكەن"، ئەوەش لەپاڵ بەرزبونەوەی نرخەكانی خۆراك كە لە سەرەتای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر وڵاتەكەدا دروستبوە و بەردەوامی لە بەرزبونەوەی نرخەكاندا هەیە.

بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لە ئێران، وێنەی و ڤیدیۆی بڵاوبونەوەی هێزە ئەمنیەكان و یەكەكانی روبەڕوبونەوەی كاری تێكدەری بڵاودەكەنەوە، كە لە ئەگەری ئەنجامدانی خۆپیشاندانی گشتی لە ئامادەباشیدان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP