بەهۆی ئەوەی وێنەی تایبەتی كچێكی بۆ خۆی ناردوە، لێپێچینەوە لەگەڵ كارمەندێكی ئەپڵ دەكرێت

- 11/15/2019 4:05:00 PM 22808 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە پێگەیەكی تایبەت بە كۆمپانیای ئەپڵ لە كالیفۆرنیا، كچێك داوای یاسایی لەسەر كارمەندێكی ئەو كۆمپانیایە تۆماردەكات، بەهۆی ئەوەی لەكاتی چاككردنەوەی مۆبایلەكەیدا وێنەیەكی زۆر تایبەتی ناردوە بۆ خۆی.

گڵۆریا فێنتێس، لە كالیفۆرنیا چوەتە یەكێك لە پێگەكانی تایبەت بە كۆمپانیای ئەپڵ بە مەبەستی ئەنجامدانی چاككردنەوەی شاشەی مۆبایلەكەی، پێش ئەوەی بچێتە پێگەكە زۆرینەی زانیاریەكانی ناو مۆبایلەكەی سڕیوەتەوە، بەڵام فریانەكەوتوە وێنەكانی كە پێنج هەزار وێنە بون، بسڕێتەوە.

 گڵۆریا دەڵێت "لەكاتێكدا ئەو كارمەندەی ئەپڵ خەریكی چاككردنەوەی مۆبایلەكەم بوە،  تەماشای زانیارییەكانی هەژمارەكەی كردوە و دواتر بە مەبەستی سەرلەنوێ كارپێكردنەوەی مۆبایلەكەی دو جار داوای وشەی تێپەڕ-ی كردوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە "لەوكاتەدا بیری بۆ ئەوە نەچوە ئەو كارمەندە كارێكی لەو شێوەیە بكات، پاش تەواوبونی چاككرادنەوەی مۆبایلەكەی چوەتەوە بۆ ماڵەوە و دواتر لەوێ هەستی بە شتێكی نامۆ كردوە".

پاش ئەوەی گڵۆریا لە ماڵەوە ویستویەتی كورتەنامە بۆ كەسێك بنێرێت، تێبینی ئەوەی كردوە وێنەیەكی زۆر تایبەتی خۆی "كە بە وتەی خۆی بۆ خۆشەویستەكەی گرتوە"، نێردراوە بۆ ژمارەیەكی نەناسراو، بەوهۆیەوە دەستبەجێ چوەتەوە بۆ ئەو پێگەیەكی مۆبایلەكەی لێ چاككردوەتەوە".

لە بەشێكی دیكەدا گلۆریا نوسویویەتی، "لەكاتی لێپرسینەوەدا، ئەو كارمەندە نكوڵی لەوە نەكردوە ژمارەی مۆبایلەكە ژمارەی خۆیەتی، بەڵام نازانێت چۆن ئەو وێنەیە نێردراوە بۆ ژمارەكەی"، دەشڵێت "ئەو وێنەیە لەنێو پێنج هەزار وێنەدا بوە و لە بەشی خوارەوەدا بوە، هەربۆیە ئەو كارمەندە بەناو وێنەكانی دیكەشدا گەڕاوە و بۆی هەیە وێنەی دیكەشی ناردبێت بەڵام فریانەكەوتبێت ئەمەیان بسڕێتەوە".

لە كۆتایی وتەكانیدا خاوەنی كێشەكە رایگەیاندوە "بەڕێوبەری پێگەكە لە ئێستادا بەداوداچون ئەنجامدەدات و منیش رێكاری یاسایی دەگرمەبەر و سكاڵا لە دژی ئەو كارمەندە تۆماردەكەم".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP