بەپەلە

كورد؛ مشتومڕی گەرمی نێوان گراهام و ئەردۆگان
راگەیاندنە جیهانیەكان وردەكاری گفتوگۆكان بڵاودەكەنەوە

- 11/15/2019 2:54:00 PM 19218 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پێگە راگەیاندنەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ناوەرۆكی گۆفتوگۆ زبر و توندەكانی كۆبونەوەی نێوان سێناتۆرەكانی ئەو وڵاتە و رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیایان بڵاوكردوەتەوە، كە تێیدا سەبارەت بە كورد گفتوگۆكراوە.

لە مانشێتی سەرەكی هەواڵێكی پێگەی بزنز ئینسایدەر-ی ئەمریكیدا هاتوە "ئەردۆگان لەرێگەی ئایپادەكەیەوە ڤیدیۆیەكی پیشانی ترەمپ داوە تا دژ بە كورد رازیبكات، بەڵام پلانەكەی شكستی هێنا"، پێگەی ئاكزیۆس-ی ئەمریكیش لەوباریەوە دەڵێت "ئەردۆگان ئایپادەكەی بەكارهێنا بۆ پەخشكردنی ڤیدیۆیەك دژ بە كورد".

ئەردۆگان وەڵامی زبری لە لایەن سێناتۆرەكان و بە تایبەت لیندسی گراهام-ەوە وەرگرتوە

بە گوێرەی راگەیاندنەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەكاتێكدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئەردۆگان لەگەڵ پێنج سێناتۆر-ی ئەمریكی كە سەرجەمیان دژ بە لەشكركێشیەكانی ئەنقەرە بون بۆ سەر رۆژئاڤا، پێكەوە كۆبونەوەیەكی فەرمیان ئەنجامداوە، لەكاتێكدا ئەردۆگان دژ بە كورد ڤیدیۆیەكی پیشانداوە وەڵامی زبری لە لایەن سێناتۆرەكان و بە تایبەت لیندسی گراهام-ەوە وەرگرتوە.


لە كۆبونەوەكەدا چی رویدا؟
پێگەی هەواڵی ئاكزیۆن لە زاری چوار سەرچاوەی نزیك و سەرچاوەیەكی ناو ژوری كۆبونەوەكەوە دەڵێت "لە كۆبونەوەكەدا ئەردۆگان ئایپادەكەی دەرهێناوە و گرتە ڤیدیۆییەكی سەبارەت بە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) پیشانی ئامادەبوانی كۆبونەوەكە داوە و ویستویەتی لەو رێگەیەوە دژ بە كورد ئامادەبوان هانبدات، لە ڤیدیۆكەشدا پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و تەواوی شەڕڤانان و جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە بە تێرۆریست نابراون".

ڤیدیۆكەی ئەردۆگان كاریگەری نەكردوەتە سەر ئامادەبوان

ریك سكۆت، یەكێك لەو سێناتۆرانەی لە كۆبونەوەكەدا ئامادەبوە، سەبارەت بەو بابەتە بۆ پێگەی ئەسۆشیەتد پرێس رونیكردەوە "ڤیدیۆكەی ئەردۆگان ماوەی سێ خولەكی خایاندوە، بەڵام كاریگەری نەكردوەتە سەر ئامادەبوان تا لەبارەی كوردەوە هەڵوێستیان بگۆڕن".

پاش تەواوبونی ڤیدیۆكە؛
هەر بەگوێرەی سەرچاوە نزیكەكانی ناو كۆبونەوەكە، دەستبەجێ لەكاتێكدا ڤیدیۆكەی ئەردۆگان كۆتایی پێهاتوە، سێناتۆر لیندسی گراهام روی كردوەتە ئەردۆگان و پێی وتوە "دەتەوێت بڕۆم كوردەكان بانگ بكەم تا ڤیدیۆیەك لەسەر كارەكانی تۆ دروستبكەن كە ئەنجامتداوە؟".

چوار سەرچاوەش رایانگەیاندوە، "سەبارەت بە داگیركاریەكانی ئەمدواییەی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا، كێشمەكێش و ئاراستەكردنی وتەی زبر لەنێوان ئەردۆگان و لیندسی گراهام رویداوە"، بەپێی سەرچاوەیەكی ناو كۆبونەوەكە، ئەردۆگان وشەی "داگیركاری" لەلایەن گراهام-ەوە بە بۆچونی تاكەكەس ناوبردوە، كاتێكیش ئەردۆگان باسی لەوەكردوە دژ بە داعش شەڕیان كردوە گراهام ئەو وتانەی رەدكردوەتەوە.

 بە توركیاشم راگەیاند 10 هەزار شەڕڤانی هەسەدە كە رێژەی زۆرینەیان كوردن و هاوڵاتیانی كورد گیانی خۆیان بەخت كردوە 


هاوكات، لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا شەوی رابردو لیندسی گراهام ئەو گفتوگۆ زبرانەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند "بە توندی ئەو چیرۆكانەم رەدكردەوە كە گوایە توركیا لە جەنگی دژ بە داعش-دا رۆڵی زۆریان هەبوە، بە توركیاشم راگەیاند 10 هەزار شەڕڤانی هەسەدە كە رێژەی زۆرینەیان كوردن و هاوڵاتیانی كورد گیانی خۆیان بەخت كردوە لە جەنگی دژ بە داعشدا و برینداری زۆریشیان هەیە، ئەمریكاش ئەوە لەبیرناكات و پشتیان لێناكات".

لە پشت پەردەكانەوە
ئەو سەردانەی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكان لەكاتێكدایە توركیا مەترسی روبەڕوبونەوەی سەپاندنی سزای هەیە كە بەهۆی كڕینی موشەكی بەرگری ئێس-400 و هەماهەنگیەكانیەتی كە لەگەڵ روسیا هەیەتی، سەرچاوە هەواڵیەكان و سێناتۆرەكانی ئەمریكاش بە رونی بە ئەردۆگان-یان راگەیاندوە كە لە ئەگەری بەردەوامبونی وەرگرتنی چەك لە روسیا بە دڵنیاییەوە سزای توركیا دەدەرێت.

بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ترەمپ-یش رایگەیاند، ئەو كۆبونەوەیە و بانگهێشتكردنی سێناتۆرەكان بەهۆی ئەوە بوە كە پێشتر سەبارەت بە مامەڵە سەربازیەكانی روسیا-توركیا و داگیركاریەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا دەنگیان هەڵبڕیوە، دەشڵێت "ئەوە پیشانی ئەردۆگان-ی دەدات كە ئەوان جددین سەبارەت بە سزاكان و ترەمپ-یش دەبێت هەڵوێستی خۆی بپارێزێت".

تێد كروز، یەكێك لە سێناتۆرەكانی ئەمریكا لەوبارەیەوە رایگەیاند "بە رونی بە ئەردۆگان-مان راگەیاندوە، لە ئەگەرێكدا توركیا بەردەوامبێت لە وەرگرتن و وەبەرهێنانی موشەكی بەرگری ئێس-400 لە روسیا، ویلایەتە یەكگرتوەكانی فڕۆكەی ئێف-35ی پێ نافرۆشن"، سەرجەم سێناتۆرەكانی ناو كۆبونەوەكەش لەگەڵ جۆنی ئێرنس لە بەشی پەیوەندیەكانی دەرەوە هاودەنگی خۆیان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕیوە.

لەكاتێكدا توركیا دەستی لەگەڵ روسیادا تێكەڵكردوە، بۆچی دەبێت سود لە (ناتۆ) وەربگرێت


هاوكات ریك سكۆت، سێناتۆری ئەمریكا لە كۆبونەوەكەدا لە ئەردۆگان-ی پرسیوە "لەكاتێكدا توركیا دەستی لەگەڵ روسیادا تێكەڵكردوە، بۆچی دەبێت سود لە پارێزبەندی و پارێزگاریەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) وەربگرێت؟".

دوێنێ پێنجشەممە، رێكەوتی 14ی تشرینی دوەم، رەجەب تەییب ئەردۆگان بە سەردانێك گەیشتە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و پاش كۆبونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا سەبارە کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس 400ی روسیش لەلایەن تورکیاوە ترەمپ وتی، کڕینی ئەو سیستەمە ئاڵەنگارییەکی گەورەیە لەبەردەم پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا، بەڵام ئەوان هەوڵدەدەن چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن.

هاوكات لەكاتی گەڕانەوەی لە واشنتن-ەوە بۆ وڵاتەكەی، لە فرۆكەكەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆگان رایگەیاند، "توركیا لەپێناو پاتریۆتی ئەمریكی واز لە "S-400"ی روسی ناهێنێت"، وتیشی "بە ڕەوای نابینین، داوامان لێبكرێت واز لە "S-400"ی روسی بهێنین و رو له‌ دژه‌ موشه‌كی پاتریۆتی ئه‌مریكی بكه‌ین".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP