لۆرانت خۆی بۆ دكتۆرا ئامادە دەكات
بچوكترین دەرچوی زانكۆ لە جیهاندا تەمەنی نۆ ساڵە

- 11/15/2019 1:50:00 PM 7162 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

منداڵێكی تەمەن نۆ ساڵ-ی بەلجیكی، مانگی داهاتو لە زانكۆیەكی تێكنۆلۆجی بڕوانامەی دەرچون لە بەشێكی ئەندازیاریدا بەدەستدەهێنێت و خۆی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرا ئامادەدەكات.

لۆرانت سایمنز، منداڵێكی  تەمەن نۆ ساڵی بەلجیكیە و لە ئێستادا تەنها یەك مانگی ماوە تا بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە بەشی ئەندازیاری كارەبایی زانكۆی ئێندهۆڤن لە هۆڵەندا بەدەسبهێنێت، لەكاتێكدا توانای وەرگرتن و خەزنكردنی زانیاری لە رادە بەدەرە.

مامۆستاكانی لۆرانت، هزری ئەو منداڵە بە "ئیسفەنج" دەچوێنن، بەو واتایەی توانای هەڵمژینی زانیاری لەڕادەبەدەری هەیە، لەكاتێكیشدا لە زانكۆ وەرگیراوە، بە مەبەستی تاقیكردنەوە و زانینی مەزەندەی توانای لۆرانت لە وەرگرتن و دانەوەی زانیاریدا، تاقیكردنەوە دوای تاقیكردنەوەیان پێئەنجامداوە، ئەنجامەكەشی سەرسوڕهێنەر بوە بۆیان.

ئاڵێكساندرە سایمنز، باوكی لۆرانت لەبارەی منداڵەكەیەوە دەڵێت "لە پلانیدا هەیە پاش دەرچونی لە زانكۆ، بەرەو وەرگرتنی بڕوانامەی دكتۆرا بڕوات لە ئەندازەی كارەبادا، لەپاڵ ئەوەشدا دەیەوێت بڕوانامەی پزیشكی بەدەستبهێنێت".

زانكۆی ئێندهۆڤن، زوتر لە هەر خوێندكارێكی دیكە، رێگەی بە لۆرانت داوە لە زانكۆكەی بخوێنێت، بەڕێوەبەری زانكۆكەش، سوێرد هۆڵشۆڤ لەوبارەیەوە وتی "لۆرانت منداڵێكی نائاساییە و لە مێژوی زانكۆكەدا تاكە كەسە خێرایی هزری بۆ وەرگرتنی زانیاری هێندە خێرابێت".

لۆرانت لەكمیانی گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردوە "ئەندازەی كارەبایی خۆشترین بەشە، پێی خۆشە كەمێكیش لە بواری پزیشكیدا بخوێنێت، چونكە دەیەوێت لە داهاتودا گەشە بە ئەندامە دەستكردەكانی مرۆڤ بدات".




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP